ئەکتەری بەریتانی، ڕاسێل براند، دوای ئامادەبوونی لەبەردەم دادگای وێستمینستەر لە لەندەن، بە کەفالەت ئازاد کرا.
براند کە تەمەنی ٥٠ ساڵە، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لە ئەمریکاوە بەشداری دانیشتنەکەی کرد، کە تەنیا ٦ خولەکی خایاند و تێیدا تەنیا ناو و مێژووی لەدایکبوونی خۆی پشتڕاست کردەوە. ئەم ڕێکارە یاساییانە دوای ئەوە دێن کە ناوبراو تۆمەتبار کراوە بە ئەنجامدانی چەندین تاوانی دەستدرێژی سێکسی و دەستدرێژی توند، کە بەپێی بەڵگەنامەکانی دادگا، بەشێکیان بۆ ساڵی ٢٠٠٩ لە شاری لەندەن دەگەڕێنەوە.
جگە لەم تۆمەتانە، لە نیسانی ٢٠٢٥ پێنج تۆمەتی دیکە و لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ دوو تۆمەتی نوێی ئاڕاستە کراوە کە لەلایەن چوار ژنەوە لەسەری تۆمار کراون. ئەم ڕووداوانە لە نێوان ساڵانی ١٩٩٩ بۆ ٢٠٠٥ لە ناوچە جیاجیاکانی باشووری ئینگلتەرا و لەندەن ڕوویانداوە. پۆلیسی لەندەن جەختی کردووەتەوە کە لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن و داوای لە هەر کەسێک کردووە کە زانیاری هەیە پەیوەندییان پێوە بکات.
بڕیارە دانیشتنی داهاتووی دادگا لە ١٧ی شوباتی داهاتوو لە دادگای ساوسوارک کراون بەڕێوەبچێت بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتە نوێیەکانی کەیسەکە. ڕاسێل براند تا ئێستا هەموو تۆمەتەکانی ڕەت کردووەتەوە، بەڵام فشارە یاساییەکان لەسەری توندتر دەبنەوە لە کاتێکدا دەزگا میدیاییە جیهانییەکان بە وردی چاودێری ئەم کەیسە دەکەن.

