بە ئامادەبوونی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگارەکانی هەڵەبجە و سلێمانی و ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و ڕۆشنبیری و ئایینی و کۆمەڵایەتی لە پارێزگای هەڵەبجە، دوێنێ پێنجشەممە ڕێوڕەسمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبی “زانیارینامەی پارێزگای هەڵەبجە” بەڕێوەچوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، وتاری وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان لە لایەن دەلیل جەمال، بەڕێوبەری نووسینگەی وەزیر پێشکەش کرا.
لە وتارەکەی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان هاتبوو، “ئەمە یەکەمجارە، لە هەرێمی کوردستان کاری هەرەوەزیانەی لەو جۆرە، بەو ئاستە بەرزە بگاتە پایان و ڕەفەی کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەند و دیدەی خوێنەران ڕۆشن بکاتەوە”.
هەروەها هاتبوو: “ئەم زانیارینامەیە، دەبێتە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی کتێبخانەی کوردی، لە داهاتووی نزیک و دووردا دەکرێت ببێتە هەوێنی دەیان بەرهەم و توێژینەوەی دیکەی زانستی. ئەم بەرهەمە، هاوتای خەرمانێکی پڕ پیت و بەرەکەت دەبێت، چونکە زانیاری وردی لە هەموو بوارەکانی کەسایەتیەکان، ژیان، جوگرافیا و سروشتی سنووری پارێزگای هەڵەبجەی تێدا تۆمارکراوە”.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان سوپاس و پێزانینی ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەکان و هەموو ئەو کەس و لایەنانە کردبوو کە بەشداریان لە سەرخستنی پڕۆژەکەدا کردبوو و لە وتارەکەدا هاتبوو: “وەک وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، لە پای هەوڵە بێ وچانەکانتان سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی لیژنەی سەرپەرشتیار، لیژنەی باڵا، لیژنەی کارگێڕی و تەواوی ئەندامانی تیمی ئامادەکار دەکەین. چوونکە ئێوە ساڵانێکە بە گیانی هەڵەبجەییانە و بە ڕووحیەتی پێکەوەکارکردن و بەو پەڕی لە خۆبووردووییەوە کار دەکەن، جێگە دەستتان بە نەخشی کاروانی ڕۆشنبیری و فەرهەنگی کوردستان بە گشتیی و هەڵەبجە بە تایبەت بۆ هەمیشە بە نەمری دەمێنێتەوە”.
لە کۆتایی وتارەکەشدا وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان سوپاسی هەریەک لە کەسایەتی خێرخواهی نیشتمانی و دڵسۆزی هەڵەبجە شێخ عەلی شێخ عیزەدین کردبوو، لە پای دابینکردنی پشتیوانی دارایی پڕۆژەکە و هەروەها سوپاسی هەریەک لە (ڕێکخراوی خاڵ بۆ هزر و ڕۆشنبیری) و (زانکۆی هەڵەبجە)ی کرد لە پای سەرپەرشتیکردن و سەرخستنی پڕۆژەکە.

