لە پەراوێزی فیستیڤاڵی فیلمی بەرلین، میشێل یۆ، ئەکتەری خاوەن خەڵاتی ئۆسکار، ورچی زێڕینی فەخری پێبەخشرا.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، یۆ ئامادە نەبوو قسە لەسەر دۆخی سیاسی ئەمریکا بکات و گوتی باشترە مرۆڤ باس لەو شتانە نەکات کە لێیان تێناگات، بەڵکو دەیەوێت تەنیا سەرنج بخاتە سەر سینەما.
ئەو بە توندی دژی ئەو بۆچوونانە وەستایەوە کە دەڵێن سینەما کۆتایی دێت و گوتی: “سینەما کاتێکی تایبەتە بۆ خۆت، مۆبایلەکەت دەکوژێنیتەوە و دڵ و عەقڵت بۆ جوانییەکان دەکەیتەوە”.
یۆ هیوای خواست لەگەڵ دەرهێنەرە ئەوروپییەکان و دەرهێنەری مەکسیکی جییێرمۆ دێل تۆرۆ کار بکات. هەروەها باسی لە سەختییەکانی بەردەم ئەکتەرە ئاسیاییەکان کرد لە هۆڵیوود.
جەختی لەوە کردەوە، سەرکەوتنی فیلمەکانی وەک “Everything Everywhere All at Once” نیشانەی گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە پیشەسازی فیلمدا، کە بەهۆی خۆڕاگری و بەردەوامی ئەوانەوە بەدەست هاتووە.

