لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی خەڵاتەکانی ئۆسکار بۆ ساڵی 2026، هالی بێری، ئەستێرەی ناوداری هۆلیوود، جارێکی دیکە باس لەو مێژووە دەکاتەوە کە زیاتر لە دوو دەیە لەمەوبەر تۆماری کرد.
بێری کە لە 2002 وەک یەکەم ژنە ئەکتەری ڕەشپێست خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی بۆ فیلمی (Monster’s Ball) بەدەستهێنا، ڕایگەیاند، ئەم دەستکەوتە گەورەیە وەک ئەوەی چاوەڕوانی دەکرد ڕێڕەوی ژیانی پیشەیی نەگۆڕیوە.
ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە دوای بردنەوەی خەڵاتەکە، پێیوابوو دەرفەتەکان بە لێشاو بۆی دێن، بەڵام پیشەسازی سینەما لە هۆلیوود هێشتا بە گومانەوە سەیری توانای ئەکتەرە ڕەشپێستەکانی دەکرد لە بازاڕکردنی جیهانیدا.
بێری لە پەیامێکدا بۆ سینثیا ئێریڤۆ، کە کاندیدی ئۆسکارە، جەختی کردەوە کە خەڵاتەکە تەنیا ساتێکی مێژووییە و نابێت ببێتە تاقە پێوەری سەرکەوتنی هونەرمەند.
جێگەی سەرنجە کە دوای تێپەڕبوونی 24 ساڵ، هێشتا هالی بێری تاکە ژنە ڕەشپێستە کە ئەو خەڵاتەی بردبێتەوە، ئەمەش وای لێکردووە نیگەرانی خۆی دەربڕێت بەرامبەر بە خاوی گۆڕانکارییەکان لە هۆلیوود. ئەو پێی وایە زۆرێک لە ئەکتەرانی دیکە شایستەی ئەو نازناوە بوون بەڵام بەهۆی سیستەمی پیشەسازییەکەوە بێبەش کراون، ئەمەش دەری دەخات کە بریقە و باقی ئۆسکار هەمیشە بە واتای ئاسانکردنی ڕێگای سەرکەوتن نایەت.

