دوای پێنج ساڵ لە بڵاوبوونەوەی ئەلبوومی“Evermore”، سلینا گۆمێز، ئەستێرەی ئەمریکی، کۆتایی بەو گومان و تیۆریانە هێنا کە لەلایەن هەوادارانی تایلۆر سویفتەوە دروست ببوون.
گۆمێز لە میانی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی “Friends Keep Secrets” کە لەلایەن هاوسەرەکەی، بێنی بلانکۆوە پێشکەش دەکرێت، بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند، گۆرانی“Dorothea” لەبارەی ئەو نووسراوە.
گۆمێز ئاماژەی بەوە کرد کە زۆربەی ساتە گرنگەکانی ژیانیان، لە پەیوەندییە سۆزدارییەکانەوە تا دەگاتە کێشە خێزانییەکان، لە سەردەمی هەرزەکاریدا پێکەوە بوون. ئەو کاتەی تەمەنی سلینا تەنها 15 ساڵ و تایلۆر 18 ساڵ بووە.
پێشتر هەواداران لە ڕێگەی تێکستی گۆرانییەکەوە کە ئاماژەی بە “فرۆشتنی مەیکئەپ و گۆڤارەکان” دەکرد، گومانیان بردبوو کە مەبەست لێی سلینا بێت. هەروەها سلینا ئاشکرای کرد، گۆرانییەکی دیکەی بڵاونەکراوەیان هەیە بە ناوی “Family”کە باس لە چیرۆکی هاوڕێیەتی 17 ساڵەیان و خەونە هاوبەشەکانیان دەکات لە هۆلیوود.

