شەوی ڕابردوو، سۆپرانۆی ناسراوی کورد، پەروین چاکار، لە درێژەی زنجیرە کۆنسێرتەکانیدا، کۆنسێرتێکی ناوازەی لە هۆڵی (Joseph Joachim) لە شاری بەرلین سازکرد. کۆنسێرتەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە دۆستانی هونەر و ڕەوەندی کوردی بەڕێوەچوو.
نیشتمانێک لە ڕێگەی دەنگەوە
پەروین چاکار لەم کۆنسێرتەدا شێوازێکی نوێی لە هونەر پێشکەش کرد، تێیدا ئاوازە ڕەسەنە کوردییەکانی لەگەڵ هونەری جیهانیی ئۆپێرا ئاوێتە کردبوو. ئەو هونەرمەندە لەبارەی ئەزموونی ئەو شەوە ڕایگەیاند: “ئەم کۆنسێرتانە بۆ من وەک نیشتمانێک وان؛ گوزارشت لە بیرکردنەوە، یادەوەری و ناسنامە دەکەن. هەوڵم داوە لە ڕێگەی دەنگمەوە هێزی موزیک و مێژووی گەلەکەمان بە جیهان بناسێنم.”
دەوڵەمەندیی شێوەزارەکان و شیعری کوردی
یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی کۆنسێرتەکە، چڕینی گۆرانی بوو بە سەرجەم شێوەزارەکانی زمانی کوردی (زازاکی، سۆرانی، گۆرانی و کرمانجی). چاکار بە سوودوەرگرتن لە شیعری شاعیرانی وەک جەگەرخوێن و شێرکۆ بێکەس، توانی تابلۆیەکی ئەدەبی و هونەریی دەوڵەمەند لەسەر تەختەی شانۆکە بکێشێت، کە لە هەڵپەڕکێیەوە دەستی پێ دەکرد تا دەگاتە قووڵایی شیعری هاوچەرخ.
لەو ئێوارە هونەرییەدا، پیانیستی ناسراو بۆرام ئان، بە ژەنینی پیانۆ هاوکاری پەروین چاکار بوو و جوانییەکی زیاتری بە کۆنسێرتەکە بەخشی.
کۆنسێرتەکەی پەروین چاکار جارێکی دیکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هونەری کوردی دەتوانێت لە ئاستە جیهانییەکاندا بە زمانێکی مۆدێرن و پاراو خۆی بنوێنێت و پردێکی کولتووری لە نێوان نەتەوەکاندا دروست بکات.
پەروین چاکار ساڵی 1981 لە ماردینی باکووری کوردستان لەدایکبووە، لە 2006 لە ئیتاڵیا خوێندنی ئۆپێرای دەستپێکردووە، ماستەری لە هونەری ئۆپێرا بەدەستهێناوە.

