ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

نوێترین زانیاری لە بارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەخرێتە روو

ئەندامێکی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: “بە دڵنیاییەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتووش مسۆگەرە.”

پەرلەمانتارێکی پارتیش دەڵێت: “هەرێمی كوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە”

د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق،  ڕایگەیاند: “بەپێی یاسای بودجە و خشتەکانی بودجەی 2024 و بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، ناردنی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مسۆگەر کراوە.”

زیاتر گوتیشی: “لە هەر بڕەپارەیەك، كە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت، پێشینە بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانە و سەرۆک وەزیرانیش پابەند کراوە بۆ ئەو پرسە.”

نەرمین مەعرووف جەختی کردەوە: “دادگای فیدراڵی بە پشتبەستن بە پرۆژەیاسای بودجە، سەرۆك وەزیرانی عێراقی پابەند كردووە بە ناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، كە بە دڵنیاییەوە پرۆژەیاسای بودجە بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتووش دەبێت، هاوكات لە ساڵی ڕابردوودا، پشكی هەرێمی کوردستان كە جێگیر كراوە، 12.67% دیاری كراوە، بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتووش وەكوو خۆی دەمێنێتەوە.”

ئەوەشی خستە ڕوو: “وێڕای ناردنی مووچە، حکوومەتی فیدڕاڵی پابەند کراوە پشکی بودجەی وەبەرهێنان بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.”

لای خۆیەوە شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق،  رایگەیاند: “بەپێی بودجەی پەسندکراو، خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی کوردستان بەردەوام دەبێت و پێویستە بودجەی تەواویش بۆ هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت”

ئاماژەی بەوەش دا: “هەرێمی كوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و داهاتی بەشێکی ناوخۆشی بۆ دارایی فیدڕاڵ ناردووە.”

کۆی گشتیی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024، بریتییە لە 20 ترلیۆن و 910 ملیار و 463 ملیۆن و 950 هەزار دینارە.

 

شوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار

راگه‌یه‌ندراوێك له‌ کونسوڵخانەی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێره‌وه‌

یاسین

گواردیۆلا داوای لێبوردن لە مۆرینیۆ دەکات

یاسین

نوێترین زانیاری لەبارەی گیان لەدەستدانی حاجیانی کورد لە سعودیە ئاشکرا دەکرێت

یاسین