zagros news agency

لە دوو شوێنی هەرێمی کوردستان دۆلار بە نرخی فەرمی دەدرێتە هاووڵاتییان

پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق ئاشكرای دەكات، رێكارەكانی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران گۆڕانكاریی تێدا كراوە و دەشڵێت: “لە فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانییش دۆلار بە نرخی فەرمی دەدرێتە گەشتیاران.”

عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند: «بۆ پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی بە گەشتیاران، گۆڕانكاریی زۆر كراوە، تا دوای مۆری ڕۆیشتن لە فڕۆكەخانە، دۆلار نادرێت بە گەشتیار.”

ئاماژەی بەوەش دا: “پرۆسەكە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر دەستی پێكردووە، بەڵام بە گشتی زۆر بەئاسانی بەڕێوە دەچێت، لە فڕۆكەخانەكاندا تیم هەیە بۆ چاودێریكردنی پرۆسەكە و بەدواداچوونی راستی و دروستیی ئەو بڕە دۆلارەی دەدرێت، ئەمەش بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانمانە، كە بریتیبە لە گەیشتن بە ڕێبوارە ڕاستەقینەكە.”

عەلی عەلاق روونیشی كردەوە، رێكارەكان دەستیان پێكردووە و لە رێگەی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستانیش دۆلار دەدرێتە گەشتیاران، گوتیشی: “وەك چۆن لە بەغدا دەستمان پێكرد، پاشان بەسرە، ئینجا نەجەف ئێستاش ڕێكارەكان دەستیان پێكردووە، بۆ ئەوەی دۆلار بە نرخی فەرمی لە فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی و كەركووك بدرێـت بە گەشتیاران.”

پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق دەشڵێت: “لە ئۆپەراسیۆنەكانی پێشوودا لە پێدانی دۆلار بە گەشتیاران، بەهۆی چەندین كێشەوە ڕێگرییان لێ كرا و سەركەوتوو نەبوو، خەڵكێكی زۆر هەوڵیان دا بچن لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە بەناوی گەشتیاری دۆلار وەربگرن، ئەمەش كاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆلار هەبوو، هەروەها بەكارهێنانی پاسپۆرتی كەسانی دیكەش، بۆیە رێكارەكان گۆڕانكارییان تێدا كراوە و توند كراون.”

 

شوان بەرزنجی

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار

گۆڵدن گڵۆب فیلمی “Wicked” تووشی شۆکێکی گەورە دەکات

ART

سوودانی لە بەرژەوەندیی مالیکی کشایەوە

یاسین

بۆ ئاگربەست لە غەززە، ئەنجوومەنی ئاسایش پڕۆژه‌كه‌ی بایدینی پەسەند کرد

سەڵاح