رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ، چاوەڕێن لەم رۆژانەدا پارەی پێویست بۆ مووچەی مانگی 8 لە بەغداوە بگات و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت؛ هەروەها وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 9 لە بەغدا تەواو بووە و لەگەڵ گەیشتنی پارەکە، دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
رێباز حەملان گوتی، “دەبوو تاوەکو کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، 243 ملیار دینار لە بەغداوە بهاتایە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی هەمانە. بە دڵنیاییەوە لەگەڵ گەیشتنی ئەو پارەیە لە ماوەی چەند رۆژێکدا لەم هەفتەیەدا خەرج دەکرێت”.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، “ئەمڕۆ وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 9 تەواو بووە [لە بەغدا]، ئەویش لە پاش مووچەی مانگی 8، راستەوخۆ لەگەڵ گەیشتنی پارەدا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت”.