ئەسیر داود ئەلغریری، وەزیری بازرگانی رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی بڕی 500 ملیار دینار بۆ دابەشکردنی شایستەی دارایی جووتیاران دا.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی بازرگانیی عێراقدا هاتووە: “وەزیری بازرگانی، ئەسیر داود ئەلغریری رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر تەرخانکردنی بڕی 500 ملیار دینار بۆ شایستەی جووتیاران بۆ ئەو بڕە گەنمەی کە لە وەرزی کشتوکاڵی ساڵی 2025دا دەخرێتە بازاڕەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵی و گەشەپێدانی ئابووری.”
ئەلغەریری جەختی لەوە کردەوە کە “ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پابەندبوونی حکومەتە بۆ بەهێزکردنی جووتیاران و هاندانیان بۆ بەردەوامبوون لە بەرهەمهێنان.”
روونیشیکردەوە: “بەرهەمی گەنم یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی ئاسایشی خۆراکی عێراق، هەروەها خەرجکردنی شایستەکان لە کاتی خۆیدا بەشدارە لە بەرزکردنەوەی سەقامگیری کەرتی کشتوکاڵ و هاندانی جووتیاران بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان.”

