حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ محەمەد بەشیر، وەزیری وزەی سووریا، رێگاکانی بەرەوپێشبردنی هاوکاری هاوبەش لە کەرتی نەوت، گاز و وزە، بەتایبەتی نۆژەنکردنەوە و کاراکردنەوەی بۆڕییە نەوتییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
عەبدولغەنی، لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ وەزیری وزەی سووریا، تیشکی خستە سەر پلانەکانی عێراق بۆ هەمەچەشنکردنی هێڵەکانی هەناردەی نەوت لە ژێر رۆشنایی زیادبوونی توانای بەرهەمهێنان. ئاماژەی بە بۆڕی هەناردەی نەوتی نێوان عێراق و سووریا کرد کە لە دەیان ساڵ پێش کارا بوو و گرنگی نوێکردنەوە یان نۆژەنکردنەوەی لە ئێستادا.
عەبدولغەنی ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق دەستکەوتی بەرچاوی لە بوارەکانی وەبەرهێنانی غاز و پاڵاوتنی نەوتدا بەدەستهێناوە، هەروەها هەوڵدەدات توانای هەناردەکردن لە بەندەرەکانی باشوورەوە زیادبکات، هەناردەکردن لە بۆریی تورکیاوە لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە دەستپێبکاتەوە، هەروەها تاوتوێکردنی پێشنیارەکانی هەناردەکردن لەڕێگەی بۆڕی بانیاسی سووریا و بۆڕی ترابلۆسی لوبنان.
عەبدولغەنی سەبارت به پڕۆژەی بۆڕیی بەسڕە-حەدیسە بە توانای دوو ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل روونیکردەوە، کە دەبێتە هۆی دەستەبەرکردنی بڕی هەناردەکردن لەڕێگەی ئەو بەندەرانەی پێشتر ئاماژەیان پێکراوە، ئەمە جگە لە دەستەبەرکردنی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەکانی عێراق، کە پێویستیان بە بڕی زیادە لە نەوتی خاو هەیە لەبەر رۆشنایی زیادبوونی توانای بەرهەمهێنانیان.
عەبدولغەنی ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق لە بەرهەمهێنانی نەوتی غاز و نەوتی سپیدا خۆبژێوی بەدەستهێناوە و تا کۆتایی ئەمساڵیش لە بەرهەمهێنانی بەنزیندا خۆبژێوی بەدەست دێنێت و هاوردەکردنی رادەگرێت.
هەردوولا لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە دۆخی ئێستای بۆڕی عێراق- سووریا و ئەگەری بەکارهێنانی بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو کرد و رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی بۆڕییەکە و ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردە لەم بۆڕییه. هەروەها پێشنیاریان کرد راوێژکارانی نێودەوڵەتی بەشداربن بۆ دیارکردنی گونجاوی بۆڕییەکە و سیستەمی پەمپکردنی، هەروەها ئەگەری نۆژەنکردنەوەی.
لای خۆیەوە وەزیری وزەی سووریا سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی ئەم گفتوگۆیانە لەگەڵ لایەنی عێراقی، پێداچوونەوەی بە دۆخی ئێستای پیشەسازی نەوت لە سووریا و گرنگی هاوکاریی ناوچەیی لەگەڵ سووریا بۆ بووژانەوه، بەتایبەت لە بوارەکانی وزە، نەوت و گاز.
جەختی لە گرنگی هاریکاری لەسەر بۆڕیی سووریا و عێراق کردەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری پرسی هێڵی بۆڕییەکان کە تێکچوون، هەروەها لە کۆنبوونی بۆڕییەکە و پێویستیی بەپەلەی بۆ نۆژەنکردنەوە یان نوێکردنەوە.
وەزیری نەوتی عێراق گفتوگۆی لەگەڵ لایەنی سووریا سەبارەت بە ئاو کرد، بە ئامادەبوونی وەزیری سەرچاوەکانی ئاو، عەون دیاب کە جەختی لەسەر پابەندبوون بە بەردانەوەی ئاو لە رووباری فورات بەگوێرەی رێککەوتنە واژۆکراوەکان کرد.
ڕێککەوتن کرا لەسەر پێکهێنانی لیژنەی تەکنیکی هاوبەش بۆ بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان، ئەمەش لەکاتێکدایە کە گفتوگۆی تەکنیکی و ئابووری لەسەر ئەگەری نۆژەنکردنەوەی بۆڕییەکە دەکرێت، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٢.

