کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند کە داهاتی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جیهانەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕە جیهانییەکاندا دوو هێندە دەبێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پلانێکیان داناوە بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ سێ وڵات و گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان هەیە بۆ هەناردەکردنی ٩٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: “بەهۆی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکان کە بوونەتە هۆی داخستنی گەرووی هورمز یان پەککەوتنی هاتوچۆی دەریایی تێیدا، کە شاڕەگی هەناردەی عێراقە، وەزارەتی نەوت بڕیاریدا بە دەستپێکردنی ناردنی نەوتی خاوی کەرکوک ڕاستەوخۆ بۆ بەندەری جیهانی تورکی.”
له ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:
• دەستپێکردنی هەناردەی کەرکوک: پڕۆسەی ناردنی نەوت کاتژمێر ٦:٣٠ی بەیانی ئەمڕۆ دەستی پێکردووە، بڕیارە بڕەکەی وردە وردە زیاد بکات تا بگاتە ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
• نرخی نەوت: ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی ئەوروپا گەیشتووەتە نزیکەی ١٠٣ بۆ ١٠٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەمەش وای کردووە داهاتی ئەم هەناردەیە دوو هێندەی پێشوو بێت.
• ڕێڕەوە جێگرەوەکان: بەهۆی کێشەکانی باشوور و گەرووی هورمز، عێراق پەنای بردووەتە بەر گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان بە تانکەر (حەوزیات) بۆ مەرزە سنوورییەکانی سوریا و ئوردن.
• هەناردەی نەوتی بەسرە لە ڕێگەی سوریاوە: بۆ یەکەمجار بارودۆخەکە قۆستراوەتەوە بۆ کردنەوەی دەروازەی نوێ، لەوانە هەناردەکردنی نەوتی بەسرە لە ڕێگەی خاکی سوریاوە بۆ بەندەری بانیاس لەسەر دەریای ناوەڕاست.
• گرێبەستە جیهانییەکان: عێراق گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا ئەوروپی و ئەمریکییەکان هەیە بۆ هەناردەکردنی بڕی ٨٥٠ بۆ ٩٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە کرا کە هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن (وەک جیهان بۆ نەوتی کەرکوک و بانیاس بۆ نەوتی بەسرە) وای کردووە عێراق ئاسانتر بگاتە بازاڕە جیهانییەکان و فشاری سەر بەندەرەکانی باشووریش کەم بکاتەوە.

