zagros news agency

لە جزیرە: شاندێکی باڵای بازرگانیی هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە دیداری ‘ڕەهەندە ئابوورییەکانی ئاشتی’ کرد

شاندێکی یەکێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان، لە شاری جزیرەی باکووری کوردستان بەشدارییان لە دیدارێکی نێودەوڵەتی تایبەت بە “ڕەهەندە ئابوورییەکانی ئاشتی” کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە ئاشتی و سەقامگیری کلیلێکی سەرەکین بۆ گەشەپێدانی بازرگانی و ڕاکێشانی وەبەرهێنەران.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، دیدارەکە بە هاوبەشی لەلایەن پەیمانگای پێشکەوتنی دیموکراسی (DPI)، ژووری بازرگانی و پیشەسازی جزیرە و ژووری بازرگانی و پیشەسازی دیاربەکر ڕێکخرابوو. تێیدا شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان و بە بەشداریی جێگران و ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یەکێتییەکە ئامادەبوون.

“ئاشتی دەرفەتی گەورە بۆ کۆمپانیاکان دەڕەخسێنێت”

لە گوتارێکدا لە میانی دیدارەکە، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر پەیوەندیی نێوان ئاسایش و ئابووری و ڕایگەیاند: “پرۆسەی ئاشتی کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و گرنگی لەسەر سێکتەری ئابووری هەیە؛ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی وەبەرهێنان و گەشەکردنی جووڵەی بازرگانی لە ناوچەکەدا.”

سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکان ئاماژەی بەوەش کرد، ئاشتی دەرفەت بۆ گەورەبوونی کۆمپانیاکان و سەرهەڵدانی دەسپێشخەرییە نوێیەکان دەڕەخسێنێت، بەتایبەتی لە بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر بژێوی هاووڵاتییان دەبێت.

ڕۆڵی کەرتی تایبەت لە جێگیریی ناوچەکە

بەشداربووانی دیدارەکە کە پێکهاتبوون لە کەسایەتییە سیاسییەکان، بازرگانان و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، گفتوگۆیان لەسەر ڕۆڵی کۆمەڵگەی بازرگانی لە پشتگیریکردنی پرۆسەی ئاشتیدا کرد. جەخت کرایەوە کە گەشەپێدانی ئابووری و کەرتی تایبەت دەتوانن وەک بزوێنەری جێگیریی درێژخایەن و دابینکردنی هەلی کار کاربکەن.

لە دیدارەکەدا هەریەک لە کەریم یلدز، بەڕێوەبەری گشتیی (DPI)، عومەر فاروق یلدریم، سەرۆکی ژووری بازرگانی جزیرە و مەحمەت کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانی دیاربەکر ئامادەبوون و دیدگای خۆیان لەسەر ئاشتی وەک بنەمایەک بۆ گەشەی ئابووریی ناوچەکە خستەڕوو.

شاندی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون لە:

گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکان.

نەوزاد ڕەباتی و شێخ تاهیر، جێگرانی سەرۆک.

شوکری جەمیل و هەڤراز بەهجەت، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یەکێتیی ژوورەکان.

کامەران محەمەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕی ژووری بازرگانی هەولێر.

هەواڵی پەیوەندیدار

عێراق زیاتر لە ١٠ ملیۆن موچەخۆری هەیە

یاسین

وەزارەتی دارایی راگەیندراوێک لەسەر مووچە بڵاودەکاتەوە

یاسین

نرخی ئەمڕۆی زێڕ و دراوەكان

سەڵاح