لەسەر ئاستی جیهان و لە پێشهاتێکی پزیشکیی دەگمەندا، جۆرێکی نوێی خوێن دۆزرایەوە کە پێشتر تۆمار نەکراوە، ئەمەش لە ئافرەتێکی خەڵکی ناوچەی کۆلار لە ویلایەتی کارناتاکا لە باشووری هیندستان بوو.
بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییە ناوخۆییەکانی هیندستان، ئەم دۆزینەوەیە لە کاتێکدا بوو کە خانمێکی تەمەن ٣٨ ساڵان خۆی بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی دڵ ئامادە دەکرد، کاتێک دەرکەوت خوێنەکەی لەگەڵ هیچ کام لەو خوێنانەی کە بەردەست بوون ناگونجێت.
بەهۆی نەگونجانی خوێنەکەی لەگەڵ هیچ یەکەیەکی خوێنی بەردەست، حاڵەتەکە ڕەوانەی تاقیگەی پێشکەوتووی سەرچاوەیی بۆ زانستی بەرگریی خوێن لە سەنتەری خوێنبەخشین کرا، بەمەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی وردتر.
دکتۆر ئەنکیت ماسور، لە سەنتەرە ئاماژەپێکراوەکە، ڕایگەیاند: “بە بەکارهێنانی تەکنیکی پێشکەوتووی سیرۆلۆجی، تیمەکەمان بۆی دەرکەوت کە خوێنی نەخۆشەکە کارلێکی لەگەڵ هەموو نموونەکانی تاقیکردنەوەدا دەکرد (panreactive)، ئەمەش ئاماژەی بە ئەگەری بوونی جۆرێکی دەگمەن یان نەناسراوی خوێن دەکرد. ئێمە نموونەی خوێنمان لە ٢٠ کەس لە خزمەکانی وەرگرت بۆ گەڕان بەدوای خوێنێکی هاوشێوەدا، بەڵام هیچ ئەنجامێکمان دەست نەکەوت.”
نەشتەرگەرییەکە بە سەرکەوتوویی و بەبێ پێویستی بە خوێن گواستنەوە ئەنجامدرا، ئەمەش بەهۆی هاوکاریی نێوان پزیشکان و خێزانی نەخۆشەکەوە بوو.
دکتۆر ماسور ئەوەشی زیاد کرد کە نموونەی خوێنی نەخۆشەکە و ئەندامانی خێزانەکەی نێردران بۆ تاقیگەی نێودەوڵەتیی سەرچاوەیی بۆ جۆرەکانی خوێن لە بریستۆڵ لە شانشینی یەکگرتوو. لەوێ، توێژینەوە و پشکنینە گەردیلەییەکان بۆ ماوەی دە مانگ بەردەوام بوون و لە ئەنجامدا ئەنتیجێنێکی نوێی خوێن دۆزرایەوە کە پێشتر نەناسرابوو.
ئەنتیجێنە نوێیەکە لەناو سیستەمی جۆرەکانی خوێنی “کرۆمەر” (Cromer) پۆلێن کراوە و بە فەرمی ناوی “CRIB”ی لێنراوە.

