zagros news agency

ڕوونکردنەوەیەک لەسەر داخستنى نەخۆشخانەی (میهرەبانی) دەدرێت

 

دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک لە سۆشیال میدیا کە تێیدا خاوەنی نەخۆشخانەی (میهرەبانی) باس لە داخستنی هۆڵی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەکەی دەکات، چەند تۆمەت و زانیارییەکی ناڕاست سەبارەت بە “دەستەبەری کۆمەڵایەتی” دەخاتە ڕوو، ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران/هەولێر بە پێویستمان زانی ئەم ڕاستییانە بۆ ڕای گشتی، و بەتایبەت بۆ کرێکاران و کارمەندانی کەرتی تایبەت و خاوەنکاران ڕوون بکەینەوە:
خاوەنى نەخۆشخانەکە ئاماژە بەوە دەکات، کە بەهۆى نوێ نەکردنەوەى مۆڵەت ئەم ڕێکارەیان بەرامبەر گیراوەتە بەر، هاوکات دەڵێ ماوەى (١٨) مانگە پارەى بەشدارییەکانى دەستەبەرى کرێکارانیان نەداوە و نوێ نەکردنەوەى مۆڵەتیش “تاوانى ئەوان نەبووە”، گوایا سێ مانگە داوا دەکەن پارەى بەشدارییەکانیان لێ وەربگیرێ کەچی مامەڵەکانیان بۆ ڕایی ناکرێت.

هەرچەندە لەناو ئەم دوو لێدوانە دژیەکە خۆى وەڵامى خۆى داوەتەوە، بەڵام بۆ ئەوەى بۆ هەموو لایەک ڕوونتر بێت ڕاى دەگەیەنین، نەخۆشخانەیەک (١٨) مانگ سەرپێچی یاسایی کردبێت و ئامادە نەبووبێت مافى کرێکار و کارمەندەکانى بدات بە دەستەبەرى کۆمەڵایەتى، سێ مانگ بکاتە بیانوو لە نوێ نەکردنەوەى مۆڵەتەکەى (کە دوورە لە ڕاستى)، ئەمە جگە لە دەرخستنى کەمتەرخەمییەکانى خۆیان هیچ لێکدانەوەیەکى تر هەڵناگرێت، هەروەها دەبێت ئەوە بڵێین کەمتەرخەمییەکانى ئەم نەخۆشخانەیە تەنیا هى ئەمڕۆ نییە بەڵکو پێشتریش لە ١٠/٧/٢٠٢٣ داواى زانیاریی لێ کراوە بۆ ڕێکخستنەوەى میلاکى کارمەندى (دامەزراو و دانەمەزراو) کەچی دواى زیاتر لە سێ مانگ و لە ڕێکەوتى ١٥/١٠/٢٠٢٣ زانیاریی بۆ هێناوین، ئەو سێ مانگ دواکەوتنەی ئەمساڵیش کە باسی دەکات، خۆى لە هێنانى زانیاری دواکەوتووە و لە کۆتایی مانگى سێی ئەمساڵ نووسراوى زانیاریی بۆ هێناوین، نەوەک سێ مانگ لەمەوبەر.

لە بەشێکى ترى قسەکانى بۆ بەرژەوەندیی خۆى وەکو خاوەنکارێک، سوودەکانى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى و بڕیارى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە لەپێناو دابینکردنى هەلى کار بۆ ئەو کەسانەى لە کەرتى گشتى دانەمەزراون دەرچووە شی دەکاتەوە و بە “زوڵم” لە کرێکاران و خاوەنکاران لێکی دەداتەوە.

لێرەوە بۆ ڕاى گشتى ڕاى دەگەیەنین، بەپێی یاسای ژمارە ٣٩ساڵی ١٩٧١ یاسای خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران پێویستە مانگانە خاوەنکاری هەر پڕۆژەیەک لەکاتی خۆی پارەی بەشدارییەکانی کرێکارانی کە لە پڕۆژەکەی کاردەکەن بدات، ئەگەر نەیدات ئەوا ڕێکارى یاسایی و سزاى دواکەوتنى بەسەردا جێبەجێ دەکرێت، هەروەها پارەى بەشدارییەکانى کرێکاران (%٥)ى لە ئەستۆى کرێکار و (%١٢)ی لە ئەستۆى خاوەنکارە، چەواشەکارى سەبارەت بە سوودەکانى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى لەلایەن خاوەنکارێک لە خەمى ئەو بڕە پارەیەیە کە دەبێت خۆى بۆ کرێکارەکە بیدات نەوەک “زوڵم و خواردنى پارەى کرێکار لەلایەن حکومەت” کە ئەم بەڕێزە ئاماژەى پێ دەدات. چونکە سوودەکانى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى تەنیا ئەوە نییە کە ئەم لێی تێگەیشتووە گوایا تەنیا دانەوەى ڕێژەى (%٨)ى پارەکەیە بە کرێکار، دەستەبەرى کۆمەڵایەتى چەندین خزمەتگوزارى بۆ کرێکارن دەگرێتەوە وەک:
(خانەنشینکردنى کرێکار بەپێی ساڵەکانى خزمەتى، خانەنشینکردنى کرێکار کاتێک تووشی پێکانى کار دەبێت، بڕینەوەى مووچەى خانەنشینى بۆ جێماوەکانى ئەو کرێکارانەى کە بە هەر هۆکارێک گیان لەدەست دەدەن، گواستنەوەى خزمەت بۆ کەرتى گشتى لەکاتى دامەزراندن و….) و چەندین سوودى تر کە کرێکاران لێی سوودمەند بوونە و دەبن، ئەمە جگە لە دانەوەى پارەى پاداشتى کۆتایی خزمەت کە ساڵانە چەندین ملیار دینار دەدرێتەوە بە کرێکاران، ئەو پارەیەش کە لە سندوقدا دەمێنێتەوە، داهاتى خەزنەى کرێکارانە و بۆ هیچ مەبەستێکى تر بەکار نایەت.

جێی ئاماژەیە، پڕۆژەى ناوبراو لە مانگى ١٠ى ٢٠٢٤ تا ئێستا پارەى بەشدارییەکانى نەداوە کە دەکاتە (١٩) مانگ، ئێمە وەک ئەرکێکى سەر شانمان بەپێی یاسا لەم ماوەیەدا هەر کرێکارێک داواى هەریەک لە مافەکانى کردبێت یان بیکات؛ بۆى جێبەجێ دەکرێت، بەڵام ئەى کێ مافى ئەو کرێکارانە دەگەڕێنێتەوە کە لە ماوەى ئەم (١٩) مانگەدا لەم نەخۆشخانەیە کاریان کردووە و دەستەبەر نەکراون؟ ناچارین ئەمە بۆ دادگا جێبهێڵین، تا هەم ڕاستکردنەوەى قسەکانى خاوەنى نەخۆشخانە و هەم گەڕاندنەوەى مافەکانى کرێکاران لە ئێستا و (١٩) مانگى ڕابردوو یەکلایی بکاتەوە.

لە کۆتاییدا دەڵێین، ئێمە چاوەڕێی ئەوەمان لە نەخۆشخانەکان هەیە لە بوونى پێکانى کارى کرێکاران و گیان لەدەست دان هەماهەنگ و هاوکارمان بن بۆ دابینکردنى مافەکانی کرێکار و خێزان و منداڵەکانیان بەپێی یاسا، نەوەک شیکردنەوەى چەواشەکارانە بۆ دەستەبەرى کۆمەڵایەتى لەلایەن کەسێک کە نەخۆشخانەکەى بە خەمخۆرى هەژاران لە قەڵەم دەدات، لێرەوە داوا لە سەرجەم کرێکاران دەکەین بەم قسانە سارد نەبنەوە لە داواکردنى مافەکانیان، چونکە دەستەبەرى کۆمەڵایەتى مافى خۆیان و خێزانەکانیانە و هیچ کەس و لایەنێک بۆى نییە ئەم مافەیان لێ زەوت بکات، هەروەها داوا لە خاوەنکاران بەگشتى دەکەین پابەند بن بە دەستەبەرکردنى کرێکارەکانیان، داواشمان لە نەخۆشخانە ناحکومییەکان ئەوەیە لە بوونى هەر ڕووداوێکى پێکان یان گیان لەدەست دانى کرێکار هاوکارمان بن و ئاگادارمان بکەنەوە.

ڕاگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران/هەولێر

هەواڵی پەیوەندیدار

راگەیندراوێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی

یاسین

وەزیری دەرەوەی ئێران: سیاسەتی ئەمریکا بەرانبەر ئێران شکستی هێناوە

یاسین

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی: چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدراڵ هەرچی زووە سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان دابنێن

سەڵاح