شڕۆڤەكارێكی سیاسیی ناسراوی ئێران، هۆشداری دەدات لە هەنگاوی حکوومەتی عێراق، بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و رای دەگەیەنێت، ئەگەر حەشدی شەعبی هەڵوەشێننەوە، عێراقیش بە دەردی سووریا دەچێت.
عەلی ڕەزا مەجیدی، شڕۆڤەكاری ئێرانی، ئەمڕۆ یەکشەممە (5ی کانوونی دووەمی 2025)، لە لێدوانێکدا بۆ (بەغداد ئەلیەوم) رایگەیاند، “فشارێکی ئەمریکی و ڕۆژئاوایی لەسەر حکوومەتی بەغدا هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، یان تێکەڵکردنی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بەڵام ئەگەر حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنرێتەوە، لەوانەیە عێراق تووشی هەمان چارەنووسی سووریا ببێت، بۆیە وا دیارە باشترین ڕێگا بۆ ئێران ئەوەیە، کە ئەم بابەتە بۆ خودی عێراقییەکان بەجێ بهێڵێت.”
مەجیدی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی، کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بینیویەتی، بە تایبەتی ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هاوکێشە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە كردووە.
دەڵێت “سەرکەوتنی تەحریر شام لە سووریا بەسەر حكوومەتی بەشار ئەسەد، بووەتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ دراوسێکانی، بەتایبەتی بۆ عێراق، ئێران، وەک یەکێک لە پشتیوانە سەرەکییەکانی حکوومەتی بەشار ئەسەد و بەرەی مقاوەمە هەوڵی داوە و هەوڵ دەدات پارێزگاری لە هەژموونی خۆی لە عێراق بکات، وەک وڵاتێکی زۆرینە شیعە، کە بەشێک لە بەرەی مقاوەمەكە لەوێدا هەیە.”
سەبارەت بە نامەی نهێنیی واشنتۆن بۆ بەغدا دەربارەی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبیی عێراقی، مەجیدی پێی وایە، ئەوە هاوکێشەکان ئاڵۆزتر دەکات.
دەڵێت “ئەمە نامەیەکی گومانلێکراوە، کە هێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام دەگوترێت یەکێک بووە لە هۆکارەکانی سەردانی محەمەد شیاع سوودانی بۆ تاران.”
لەلایەكی دیكەوە، کۆمەڵێک سەرچاوەی ئاگادار باسیان لەوە كردووە، كە سوودانی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە ڕاوێژی سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی کردووە.
لەمبارەوە شڕۆڤەكارە ئێرانییەكە ئاماژەی بەوە كردووە، “ڕاوێژکارییەکان بەرهەمدار نەبوون، چونکە حەشدی شەعبی بۆ عێراقییەکان گرنگە و ڕاوێژکردن لەسەری هێڵی سوورە. بۆیە هەندێک گرووپ پێیان وایە سوودانی لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە و دەبێت یان بەرەنگاریی فشارە دەرەکییەکان ببێتەوە، یان ئامادە بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکان. لەبەرئەوە پێشهاتەکانی شام دەکرێت هەڕەشەی ئەمنی بۆ عێراق و حکوومەتی سوودانی دروست بکەن، بەتایبەت بەهۆی سنووری هاوبەش لەنێوان هەردوو لادا و گرووپە توندڕەوەکان، کە چاوەڕێی دەرفەتن بۆ گەڕانەوە بۆ دەسەڵات.”
لای خۆشیانەوە، سەرچاوە سیاسییەکان ڕۆژی شەممە (21ی کانوونی دووەمی 2024) ئاشکرایان کردووە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای ئایینی ڕەتی کردووەتەوە فەتوایەک دەربکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، سەرەڕای ئەو فشارە ڕۆژئاواییانەی، کە ڕووبەڕووی عێراق بوونەتەوە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (ئەلئەخبار)ی لوبنانی دەڵێت: “حکوومەتی عێراق چەندین جار داواکاری لە لایەنە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکانەوە بۆ هاتووە، بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و ڕادەستکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان بە دەوڵەت.”