بەهۆی پێشنیازی چەند لایەنێكی پەرلەمانتاران، بەوەی هەر كەسێك بەشداریی هەڵبژاردن نەكا، سزا بدرێ، گەنگەشە و هەرای زۆر دروست بووە و بەشێكی چالاكوانن بە شكستی لایەنە سیاسییەكانی عێراقی دادەنێن و ڕەخنەی توند لەو پڕۆژە یاسایە دەگرن.
پێش 9 مانگ لە پرۆسەی هەڵبژاردنی عێراق كە بەپێی بڕیاری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بڕیارە لە 25ی ئۆكتۆبەری 2025ـدا بەرێوە بچێ، هێزە سیاسییە عێراقییەكان دەیانەوێ ڕێگەچارەیەك بدۆزنەوە تا بەشدارییەكی زۆری خەڵك هەڵبژاردن هەبێ، بە تایبەت كە لە دوا هەڵبژاردنی 2021ـدا بایكۆتێكی زۆر هەبوو.
لە پێشنیازێكی بێپشینەدا، عامر عەبدولجەبار، پەرلەمانتاری سەربەخۆ، پێشنیازێكی كردووە بەوەی هەركەسێك بەشداریی هەڵبژاردن نەكا، سزا بدرێ، ئەوەیش لە چوارچێوەی یاسای (هاندانی هەڵبژاردن)ـدا ڕێك بخرێ.
ئەو پەرلەمانتارە، بە ناوی خۆی و 10 پەرلەمانتاری هاوڕێیەوە، ئەو پڕۆژە پێشنیازەی پێشكەشی پەرلەمانی عێراق كردووە، كە ڕەوانەی لیژنەی یاسایی دەكرێ، ئەو دەقەی لە نێو پڕۆژە پێشنیازكراوەكەدا هەیە، فەرمانبەران و كارمەندانی مەدەنی و سەربازی كە بەشداریی دەنگدان دەكەن، نووسراوی سوپاسنامە و خزمەتی شەش مانگ زیاتریان بۆ دەنووسرێ. هەروەها هانی خەڵكی مەدەنی دەدرێ بەوەی كە ئەگەر بەشداریی هەڵبژاردن بكەن، هەلی پێشینەی دامەزراندنی حكومی بۆ ئەوانە و لە باجدانیش خۆش دەبن.
بڕگەی سزادان، مشتومڕێكی زۆری دروست كردووە، لەو نێوەندەدا ئەوە بە شكستی سیاسییەكانی عێراق لێك دراوەتەوە، لەوەی خەڵكیان لەدەست داوە و ئەوەیش وایان لێ دەكا پەنا بۆ سزادانیان ببەن تا دەنگ بدەن.
لەو رووەوە مازن عوبێدی، چالاكوان، ڕایگەیاندووە: بڕگەی سزاكان، پێشینەیەكی مەترسیداری هەیە و كە لەلایەن سیاسییەكانی عێراقەوەیە بۆ دەستبەسەرداگرتنی مافی و ئازادییەكانی خەڵكە. دەشڵێ: ئەو هێزە سیاسییانەی عێراق، بۆ ڕێگری لە شكستیان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، وا دەكەن ڕێگەچارەیەك بۆ مانەوەیان بدۆزنەوە، بۆیە پەنایان بۆ ئەو یاسایە بردووە.