لیژنەی گواستنەوەی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، عێراق رۆژانە زیاتر لە ٢٥٠ هەزار دۆلار لە داهاتی ئاسمانی لەدەست دەدات بەهۆی داخستنی ئاسمانەکەی بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و ئێران.
عامر عەبدولجەبار، ئەندامی لیژنەی گواستنەوەی پەرلەمانی عێراق به ئاژانسی شەفەقی راگەیاند، “پێش دەستپێکردنی شەڕی ئێران و ئیسرائیل، رۆژانە زیاتر لە ٥٠٠ فڕۆکە ئاسمانی عێراقیان بەکاردەهێنا و عێراق بۆ هەر فڕۆکەیەک ٤٥٠ دۆلاری وەردەگرت کە مانگانە داهاتێکی چەندین ملیۆن دۆلاری هەبوو.”
گوتی: “داهاتی دیکەش هەن کە عێراق لەدەستی داوە، وەک ئەوانەی پەیوەندییان بە فڕۆکە گەشتیارییەکان، تیکتەکان، خزمەتگوزارییەکان و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانییەوە هەیە.”
ئەو ئەندامەی لیژنەی گواستنەوه داوای لە وەزارەتی گواستنەوە کرد کە هەموو زیانەکان کۆبکاتەوە و لە لیستی فەرمی تۆماریان بکات، بۆ ئەوەی لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوەوە وەک یاداشتێکی ناڕەزایەتی پێشکەشی نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت بۆ داواکردنی قەرەبوو بەهۆی شەڕی هەرێمی و داخستنی ئاسمانی عێراق.”

