د. نەوار ئەلسەعدی مامۆستای زانكۆ لە عێراق و پسپۆڕ لە ئابووریی نێودەوڵەتی، ئەمڕۆ یەكشەممە بە ماڵپەڕی (بەغداد ئەلیەوم)ی راگەیاند: ”لە حاڵێكدا ئەگەر لەپای ئەم شەڕەی ئێستا، ئێران بڕیاری داخستنی گەرووی هورمز بدات، ئابووریی عێراق تووشی كارەساتێكی گەورە و قەیرانێكی سەختی ئابووری دەبێت، ئەم قەیرانە بە رادەیەك دەبێ كە بە ئەگەری زۆرەوە حكوومەتی عێراق نەتوانێ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بدات، چونكە ئابووریی عێراق بەتەواوی پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە و رێگەی سەرەكیی هەناردەكردنی ملیۆنان بەرمیلی رۆژانەی عێراق بۆ بازاڕەكانی جیهان، گەرووی هورمزە.“
ئەلسعدی گوتیشی: ”عێراق لەو حاڵەدا دەكەوێتە تونیلێكی تاریكەوە كە ئەوسەری لێ دیار نابێت.“
روونیشی كردەوە: ”راستە بەپێی رپۆرتەكانی بانكی ناوەندیی عێراق، یەدەگی دراوی بیانی گەیشتووەتە 110 تا 120 ملیار دۆلار و یەدەگی زێڕیش گەیشتووەتە 130 تۆن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە عێراق لە خۆی دڵنیا بێت، چونكە سەدا نەوەدی ئابووریی عێراق پشتی بە فرۆشتنی نەوت بەستووە، كە ئەوە وەستا ئیتر عێراق دەكەویتە لێواری داڕمان و مەترسیی گەورەوە، ئەمە جیا لەوەی عێراق هیچ پلانێكی رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئەگەرەی نیە.“
د. نەوار ئەلسەعدی مامۆستای زانكۆ لە عێراق و پسپۆڕ لە ئابووریی نێودەوڵەتی، لە كۆتاییدا ئاماژەی بەوەش كرد كە پلانی خێرا و فریاگوزاری بۆ ئەو دۆخەی عێراق، تەنیا ئەوە دەبێت كە بۆ رێگەی بەدیل بگەڕێ بۆ هەناردەكردنی نەوتەكەی، لەو حاڵەدا باشترین و ئامادەترینیان ئەوەیە كە لەڕێی بۆرییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ جەیهانی توركیا، نەوتەكەی بفرۆشێت.

