سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا ئاشکرایان کرد کە ئیبراهیم کالن سەرۆکی میت لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێی ئاسایشی سنوورەکان و نەهێشتنی تیرۆر لە ناوچەکە و هەنگاوە هاوبەشەکانی بۆ لابردنی لە ناوچەکەدا کردووە.
ئاژانسی ئەنادۆڵ لە زاری سەرچاوەکانەوە بڵاویکردەوە، کالن چەندین کۆبوونەوەی لە بەغدا ئەنجامداوە وسەرەتا لەگەڵ سوودانی کۆبووەوە، دواتر لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق، بە ئامادەبوونی فوئاد حوسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، کالن لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراق و سەرۆکی هەواڵگری عێراق و هەروەها خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سەروەری عێراق و مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەتەوە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، لە کۆبوونەوەکاندا باس لە ئاسایشی سنووری هاوبەش و نەهێشتنی تیرۆر لە ناوچەکە و هەنگاوی هاوبەش بۆ لابردنی تیرۆر لە ناوچەکە کراوە، لە پێش هەموویان ئامانجی “تورکیایەکی بێ تیرۆر”(پڕۆسەی ئاشتی) بووە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، لە میانی کۆبوونەوەکاندا، بەرپرسانی عێراق پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ تورکیا لە هەموو ئاستەکاندا دووپاتکردووەتەوە.
هەروەها لە کۆبوونەوەکاندا دەرفەتەکانی هاوکاری بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەیی و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کراوە.
سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە له گفتوگۆکانی کالن باس لە ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل و دۆخی ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵات کراوە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، کالین هەروەها لەگەڵ سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی، و بەرپرسانی دیکەی بەرەکه کۆبووەتەوە، هەروەها زانیاری لەسەر دۆخی ئەمنی ناوچە تورکمانییەکانی عێراق و ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن وەرگرتووە.

