کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دووپاتیکردەوە، رێوشوێنی تەکنیکی و چاودێری توندی گرتۆتەبەر بۆ رێگریکردن لە هەر هەوڵێک بۆ ساختەکردن یان فرۆشتنی کارتی دەنگدەر.
جێگری گوتەبێژی کۆمیسیۆن، نیبراس ئەبو سودە رایگەیاند: “کۆمیسیۆن میکانیزمی پێشکەوتووی گرتۆتەبەر، دیارترینیان بەستنەوەی دە پەنجەمۆر و وێنەی کەسی بەشێوەی ئەلیکترۆنی بە سیستەمی پشتڕاستکردنەوەی رۆژی هەڵبژاردن، جگە لە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان بۆ بەدواداچوونی باندەکان کە رەنگە هەوڵی دەستکاریکردنی کارتەکان بدەن”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “کارتی دەنگدەر بەستراوەتەوە بە داتای بایۆمەتری، ئەمەش وایکردووە کەسێکی دیکە بەکارینەهێنێت”.
حەسەن سەلمان، راوێژکاری یاسایی کۆمیسیۆنیش روونیکردەوە، “کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدەر بێمانایە، بەو پێیەی ناتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ دەستەبەرکردنی دەنگی زیادە بۆ کاندیدەکان، ئەوانە تەنیا هەوڵی شکستخواردوون”.
سەلمان روونیشیکردەوە، “سەرەڕای بێهودەیی ئەو کارانە، کۆمیسیۆن رێوشوێنی پێشوەختەی گرتۆتەبەر بە پێکهێنانی تیمی چاودێری بۆ چاودێریکردنی هەر هەوڵێک بۆ خراپ بەکارهێنان یان بازرگانی به کارتی دەنگدان، بەو پێیەی پێشێلکردنی پەیڕەوی ناوخۆ و پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن و کاریگەری لەسەر ئیرادەی دەنگدەرانه”.
جەختیشی کردەوە کە “کۆمیسیۆن درێغی ناکات لە لێپرسینەوە لەو لایەنانەی کە پەنا بۆ ئەو جۆرە تاکتیکانە دەبەن”.

