zagros news agency

بانگەشەی هەڵبژاردن زیانی بە ٢٥٠ هەزار دار لە عێراق گەیاندووە

 

ڕوانگەی عێراقی سەوز، ئەمڕۆ یەکشەممە (١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥)، جەختی لەوە کردەوە کە هەزاران دار، بۆڕیی ئاو و دوورگەی ناوەندی (جەزراتی وەسەتی) لە چەندین پارێزگای عێراق بەهۆی هەڵمەتەکانی بانگەشەی بەربژێرەکانەوە زیانیان پێ گەیشتووە.

ڕوانگەکە لە بەیاننامەیەکدا كە (بەغدا ئەلیەوم) ناوەرۆكەكەی بڵاو كردووەتەوە، ڕایگەیاندووە: “نزیکەی ٢٥٠ هەزار دار کە بەسەر ١٥ پارێزگادا دابەش بوون، تووشی زیانی گەورە بوونەتەوە، لە بڕین، کونکردن و شکاندنی لقەکان بە مەبەستی هەڵواسینی وێنە و پۆستەری بانگەشەی هەڵبژاردن.

هاوكات ئاماژەی بەوەش کردووە کە زۆر لە دارە زیانلێکەوتووەکان کەوتوونەتە خوارەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕوانگەکە ستایشی “پابەندبوونی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی کردووە بە دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی دارەکان بۆ هەڵواسینی بانگەشەی هەڵبژاردن.”

ڕوانگەکە ئاماژەی بەوە داوە، چەسپاندنی بانگەشەکان بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە ڕووەکە چێنراوەکان و چیمەنی سەوز، جگە لە بەکارهێنانی چیمەنتۆ بۆ چەسپاندن کە ئەمەش پێویستی بە هەوڵێکی دوو هێندە هەیە بۆ نۆژەنکردنەوەیان دوای کۆتاییهاتنی هەڵمەتەکە.

هەروەها ڕوانگەکە هۆشداری دا لە زیانگەیاندن بە ئاوپڕژێن و بۆرییەکانی ئاو لە دوورگە ناوەندییەکاندا، سەرەڕای تێکچوونی ئەو پڕۆژە بچووکانەی لەسەریان دروست کرابوون، وەک فوارە و دیکۆراتی ڕووناکی کە بەهۆی چڕیی وێنەی بانگەشەکانەوە دیار نەماون.

ڕوانگەکە داوای کردووە کە سزای دارایی سەرپێچیکاران دوو هێندە بکرێت، بەهۆی ئەو زیانە زۆرانەی بەر ژینگەی شار و کشتوکاڵ کەوتووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم زیانانە دەرەنجامی پابەندنەبوونی بەربژێرەکانە بە ڕێنماییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن، سەرەڕای دەرچوونی ڕێنمایی ڕوون لەلایەن کۆمسیۆن و ئەمینییەتی بەغدا و شارەوانییەکانی دیكەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئیسرائیل: حەسەن نەسڕوڵامان کوشتووە

سەڵاح

فەرمانده‌ی پێشووی سوپای پاسداران داعش لە وڵاتانی دراوسێ خەریکی خۆ ڕێکخستنەوەیە

یاسین

وەزارەتی بەرگری: ئاسایشی سایبەری و زیرەکی دەستکردمان لە پلانی دابینکردنی ئاسایشی هەڵبژاردندا بەکارهێنا

یاسین