ئەنجومەنی باڵای دادوەری ڕایگەیاند، کە دادگاکانی شارستانی لە پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی ٤٠ هەزار حاڵەتی هاوسەرگیری و جیابوونەوەیان لە ماوەی مانگی ئەیلولی/سێپتەمبەری ڕابردوودا تۆمار کردووە.
بەپێی ئامارەکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، کۆی گشتیی ژمارەی حاڵەتەکانی هاوسەرگیریی تۆمارکراو لە مانگی ڕابردوودا گەیشتووەتە ٣٠٢٠٥ حاڵەت، کە شاری بەغدای پایتەخت لە پێشەوەی پارێزگاکان بووە و تەنیا بەشی ڕەسافە ٤٣٠٧ حاڵەتی تۆمار کردووە، لە کاتێکدا نەینەوا بە پلەی دووەم دێت بە ٣٦٩٨ حاڵەت، و دواتر بەسرە بە ٢٦٠٩ حاڵەت.
ئەنجومەنەکە لە ئامارەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە کۆی گشتیی ژمارەی حاڵەتەکانی جیابوونەوەی تۆمارکراو گەیشتووەتە ٦٧١٩ حاڵەت، کە بەغدا بەهەمان شێوە لە پلەی یەکەمدا بووە، بەشی کەرخ ١٢٩٥ حاڵەت و ڕەسافە ٨٨٠ حاڵەتی تۆمار کردووە، لە کاتێکدا بەسرە بە ٨٤٠ حاڵەت لە پلەی دووەمدا جێگیر بووە.

