بەرگری شارستانیی عێراق رایگەیاند کە نیازێک هەیە بۆ بەرزکردنەوەی سزای سەرپێچیکارانی ڕێکارەکانی سەلامەتی بۆ ١٠ ملیۆن دینار لەگەڵ داخستنی پڕۆژەکە بەتەواوەتی.
نوئاس سەباح، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە بەرگریی شارستانی رایگەیاند: “زۆربەی ئەو رووداوانەی لە عێراق تۆمار دەکرێن، دەگەڕێنەوە بۆ کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی مەرجەکانی سەلامەتیی گشتی. زۆربەی رووداوەکان زۆر بچووک دەست پێدەکەن و هاووڵاتی دەتوانێت لە خولەکە سەرەتاییەکاندا کۆنتڕۆڵی بکات ئەگەر بە شێوەیەکی دروست مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵام لە حاڵەتی گەورەبوونی رووداوەکەدا کۆنتڕۆڵکردنی قورس دەبێت، مەگەر بە دەستوەردانی تیمەکانی بەرگری شارستانی نەبێت.”
راشیگەیاند: “زۆرترین ئەو سەرپێچییە بڵاوانەی کە تیمەکانی بەرگری شارستانی چاودێرییان دەکەن، چ لە کۆگاکان یان بینا بازرگانییەکان، بریتین لە بەکارھێنانی ساندویچ پانێڵ لە دروستکردندا و دانانی موەلیدە و بڕێک لە کیسە لەسەر سەربانی بیناکان، جگە لە کەمتەرخەمی لە مەرجەکانی سەلامەتی و دەرچوون و پەیژەکانی فریاکەوتن و تابلۆکانی ئاماژەدان تایبەت بە پاراستنی کەسی.”
ئاماژەی بەوەشدا: “پێویستە هەموو بینا بازرگانی و پڕۆژەکان تیمەکانی پاراستنی خۆیی هەبێت، چ لە دامەزراوە حکومییەکان کە پاسەوانی بەرگری شارستانی تێدایە یان پڕۆژە و کارگە و مۆڵە بازرگانییەکان.”
سەبارەت بە رێکارە یاساییەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ سەرپێچییەکان، سەباح روونی کردەوە: “رێکارە یاساییەکان بەپێی کەرتی جیاواز دەگۆڕێن، بە شێوەیەک کە پڕۆژە سەرپێچیکارە تایبەتەکان بۆ ماوەی ١٥ رۆژ دادەخرێن بەپێی دەسەڵاتە یاساییەکان، پاشان رەوانەی دانیشتنی یەکلاکردنەوە دەکرێت بۆ سزادان، لەگەڵ رێگەنەدان بە دووبارە کردنەوەی پڕۆژە یان کارگە یان بیناکە تەنیا دوای دابینکردنی هەموو مەرجەکانی سەلامەتی.” ئاماژەی بەوەشدا کە “سەرۆک وەزیران فەرمانی کردووە بە داخستنی تەواوی هەر پڕۆژەیەکی سەرپێچیکار و دووبارە نەکردنەوەی مەگەر دوای دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی مەرجەکانی سەلامەتی.”
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە “یاسای ئێستای بەرگری شارستانی سزای لەنێوان ٢٥٠ هەزار بۆ یەک ملیۆن دینار دەسەپێنێت، بەڵام پڕۆژە یاسایەکی هەموارکردنەوە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە لە ئەنجومەنی نوێنەران، کە ئامانجی بەرزکردنەوەی بڕی سزا بۆ نزیکەی دە ملیۆن دیناره، هەروەها داخستنی پڕۆژەکە بەتەواوتی و دووبارە نەکردنەوەی مەگەر دوای دابینکردنی هەموو مەرجەکانی سەلامەتی و ئاسایش.”

