روانگەی سەوزی عێراق دەڵێت، عێراق پێویستی بە زیاتر لە سێ مانگ بارانبارینە بە رێژەیەکی زۆر بەرزەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکان و ئەو بەنداوانەی کە نزیکەی تەواوی ئاوەکەیان بەتاڵ بووه.
روانگەی سەوزی عێراق له راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد: “حکومەتی ئێستا بەتەواوی کێشەی ئاوی لەبیر کردووە لە بەرامبەر پرسه سیاسی و ئابووری و ململانێکان، ئەوەش بووەتە هۆی توندبوونی وشکەساڵی نەک تەنیا له پارێزگاکانی باشوور، بەڵکو درێژبۆتەوە بۆ ناوچەکانی رۆژئاوا و باکووری بەغدا و شوێنەکانی تر.”
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە “دۆسیەی ئاو بە خراپترین دۆخی خۆیدا تێدەپەڕێت، بە جۆرێک عێراق رووبەڕووی توندترین قەیران بووەتەوە لە ماوەی ٩٠ ساڵی رابردوودا بە دانپێدانانی وەزیری سەرچاوەکانی ئاو”، و روونیشی کردەوە کە “پاشەکەوتی ئاو لەوانەیە لە مانگەکانی داهاتوودا دابەزێت بۆ کەمتر لە ٤% لە حاڵەتی دواکەوتنی بارانبارین لە بەغدا و پارێزگاکان.”
روانگەکە دووپاتی کردەوە کە بارانبارین بە رێژەی جیاواز لەوانەیە کێشەی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە رووبارەکانی دیجلە و فورات و بەنداوەکان چارەسەر نەکات، چونکە عێراق پێویستی بە بڕێک ئاو هەیە کە لانیکەم بۆ زیاتر لە ٣ مانگ بەردەوام بێت و بە رێژەیەکی زۆر بەرز ببارێت بە شێوەیەک کە بەشی عێراق بکات بۆ وەرزی هاوینی داهاتوو و کشتوکاڵ و خواردنەوە.
روانگەی سەوز هۆشداری دا لەوەی عێراق رووبەڕووی فێڵێکی دیکه بێتەوە لەلایەن تورکیاوە، دوای ئەوەی رەزامەندی دەربڕی لەسەر بەردانەوەی یەک ملیار مەتر سێجا لە رووبارەکانی دیجلە و فورات، ئەم بڕەش زۆر گەورەیه ناکرێت “بێ بەرامبەر” بێت، و تورکیا دەیەوێت فشاری زیاتر بخاتە سەر عێراق بۆ پێشکەشکردنی سازشکاری سیاسی و ئەمنی و ئابووری زیاتر لە قۆناغی داهاتوودا.

