zagros news agency

رۆژنامەی المدی: هێرشەكەی كۆرمۆر دانوستانەكانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی دیاریكردنی بەربژێری سەرۆك وەزیرانی راگرتووە

 

رۆژنامەیەكی عێراقی ئاشكرای دەكات، بەهۆی هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆرەوە، گفتوگۆكانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیی عەرەبە شیعەكان بۆ دیاریكردنی بەربژێری پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەستاوە.

رۆژنامەکە ئەوەو خستووەتە ڕوو كە هەرچەندە ئێستا 15 ناو لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ ئەو پۆستە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، بەڵام هێشتا كێبڕكێی راستەقینە لە نێوان محەمەد شیاع سوودانی و نووری مالیكیدایە.

هەر ئەو رۆژنامەیە ئاماژەی بەوە داوە كە بە پشت بەستن بە هەندێك زانیاری كە لە هێزە سیاسییەكانی دەرەوەی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دەستی كەوتووە، رووداوەكانی ئەم دواییەی هەرێمی كوردستان و بە دیاریكراویش هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، وای كردووە كە بەشێكی دانوستانەكانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی بوەستێت بۆ دەستنیشانكردنی بەربژێری سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق.

ئەوەش خراوەتە ڕوو كە چوارچێوەی هەماهەنگی پێی باش بووە پەلە نەكرێت و چاوەڕێی ئەوە بكرێت كە هەڵوێستی ئەمەریكییەكان زیاتر روون ببێتەوە بەرامبەر بە عێراق، بە تایبەتیش كە بڕیارە لە دوو هەفتەی داهاتوودا مارك ساڤایا، نێردەی سەرۆكی ئەمەریكا بگاتە عێراق.

ئەمە لە كاتێكدایە كە لە دوایین هەڵوێستیدا لە تۆڕی (ئێكس)، ساڤایا رای گەیاند كە عێراق دەتوانێت ڕۆڵێكی گەورەتر لە ناوچەكەدا بگێڕێت، ئەگەر بتوانێت كێشەی چەكی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت چارەسەر بكات و لە پرۆسەی سیاسی دووری بخاتەوە.

جەختیشی كردەوە كە هیچ ئابوورییەك ناتوانێت گەشەیەكی راستەقینە بكات، هیچ هاوبەشییەكی نێودەوڵەتیش ناتوانێت سەركەوتووبێت لە ژینگەیەكدا كە دەسەڵاتی نافەرمی تێدا بێت، بۆیە داوای كرد كە ڕێز لە میكانیزمە دەستوورییەكان بگیرێت و رێگریی لە هەر دەستێوەردانێك بكرێت كە ببێتە هۆی لەكارخستنی پرۆسەی بڕیاردان و لاوازكردنی سەقامگیریی دامەزراوەكانی دەوڵەت

هەواڵی پەیوەندیدار

یاسین

یاسای ماددەهۆشبەرەکان هەموار دەکرێتەوە کە سزای هەتاهەتایی دەگۆڕێت بۆ لە سێدارەدان

سەڵاح

وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازیی لە دەستپێشخەرییەکەی ئەمریکا دەکات

یاسین