راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، مەزهەر محەمەد ساڵح دووپاتی کردەوە کە حکومەت لە سایەی نەبوونی دەسەڵاتی یاسادانان، دەسەڵاتی قەرزکردنی نییە.
مەزهەر ساڵح بە شەفەق نیوزی راگەیاند: “حکومەت لە سایەی نەبوونی دەسەڵاتی یاسادانان، هیچ دەسەڵاتێکی دەستووری یان یاسایی نییە کە رێگەی پێبدات پەنا بباتە بەر قەرز چ ناوخۆیی بێت یان دەرەکی.”
مەزهەر ساڵح گوتی: “سەرباری ئەوەش، یاسا بەشێوەیەکی یاسایی و رەوا رێگە دەدات پەنا ببرێتە بەر سلەفەی کورتخایەن لە خەزێنە کە بە تەنیا لەلایەن بانکە گشتییەکانی دەوڵەتەوە پارەی بۆ دابین دەکرێت، بەو پێیەی یەکێکە لە ئامرازەکانی بەڕێوەبردنی نەختینەی حکومەت و بەو مانایە نییە کە ئەم رێکخستنانە بە قەرزی سیادی دابنرێن.”
روونی کردەوە کە “سنووری ئەم قەدەغەکردنە تەنیا بریتییە لە قەرزکردن لە دەرەوەی کەرتی حکومەت و رێکخستنە داراییەکانی ناو کەرتی گشتی ناگرێتەوە.”
مەزهەر ساڵح دووپاتی کردەوە کە “یاسا هیچ ڕێگرییەکی تێدا نییە بۆ سلەفەی دارایی یان دابینکردنی کاتیی پارە لەنێوان لایەنە حکومییەکان، تا ئەو کاتەی ئەم کردارانە لەناو دەزگای گشتیدا ئەنجام دەدرێن و سروشتێکی کورتخایەنیان هەیە و لە چوارچێوەی بەڕێوەبردنی نەختینەدان نەک قەرزی سیادی.”
هەروەها گوتی: “ئەم رێکارە تەنیا ڕێکاری یاسایی بەردەستە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی دابینکردنی دارایی بۆ خەرجییە سەرەکییەکانی دەوڵەت لەم قۆناغەی ئێستادا، تا ئەو کاتەی دەسەڵاتی یاسادانان دەسەڵاتەکانی وەردەگرێتەوە و یاسادانانە داراییە پێویستەکان دەردەکات.”

