فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری دا لە لێکەوتەکانی پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی سوپای سووریا و هەسەدە لە شاری حەلەب لەسەر دۆخی عێراق.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەم هۆشدارییە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هاتووە کە وەزیری دەرەوە لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعوود، هاوتا سعوودییەکەی ئەنجامی داوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “لە پەیوەندییەکەدا بیروڕا سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا، بەتایبەت پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریا و رووداوەکانی شاری حەلەب، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پێویستی راگرتنی ململانێکان و بەردەوامبوون لەسەر رێڕەوەکانی گفتوگۆ، بەتایبەتی لە نێوان حکومەتی کاتی و سەرکردایەتی هەسەدە.”
فوئاد حوسێن نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو هێرشانەی لە حەلەب دەکرێنە سەر ناوچە مەدەنی و نیشتەجێبوونەکان و ئاوارەیی هاووڵاتی کورد کە لێی کەوتووەتەوە، هەروەها جەختی کردەوە لەسەر گرنگی کارکردنی هاوبەش بۆ راگرتنی ئەم هێرشانە و پشتگیریکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سووریا.
هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە بەردەوامبوونی ئەم رووداوانە کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر بارودۆخی عێراق دەبێت.
راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستی پەیوەندیکردن لەگەڵ حکومەتی راگوزەری دیمەشق کردەوە بۆ تاوتێکردنی مەترسی ئەم پێشهاتانە و کارکردن بۆ چارەسەرکردنیان.

