فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM)، رایگەیاند، “لە ئەمڕۆوه کانوونی دووەمدا ئۆپەراسیۆنێکی نوێی بۆ گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ عێراق دەستپێکردووه، بۆ دڵنیابوونەوە لە مانەوەی تیرۆریستەکان لە بنکە و گرتووخانە پارێزراوەکاندا.”
سێنتکۆم له تۆڕی ئێکس روونی کردەوه: “ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەکە کاتێک دەستی پێکرد کە هێزەکانی ئەمریکا بە سەرکەوتوویی ١٥٠ چەکداری داعشیان لە گرتووخانەیەکی شاری حەسەکەی سووریاوە بۆ شوێنێکی پارێزراو لە ناو خاکی عێراق گواستەوە. بڕیار وایە لە کۆتاییدا تاوەکو ٧٠٠٠ دەستگیرکراوی داعش لە سووریاوە بۆ ئەو بنکانە بگوازرێنەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقدان.”
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند: “بە هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانمان، لەوانەش حکومەتی عێراق، کار دەکەین و بە قووڵی سوپاسی رۆڵیان دەکەین لە دڵنیابوونەوە لە تێکشکاندنی هەمیشەیی داعش.”
هەروەها گوتی: “ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش کارێکی یەکجار گرنگە بۆ رێگریکردن لە هەر هەڵاتنێک کە ببێتە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئەمریکا و ئاسایشی ناوچەکە.”
ئاشکراشی کرد: لە ساڵی ٢٠٢٥دا، هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی زیاتر لە ٣٠٠ ئەندامی داعشیان لە سووریا دەستگیرکردووە و لە هەمان ماوەدا زیاتر لە ٢٠ چەکداریشیان لێ کوژراون.

