zagros news agency

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕێنمایی نوێ سەبارەت بە مانگی ڕەمەزان دەردەکات

 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ڕۆژی یەکشەممە چەندین ڕێنمایی تایبەت بە مانگی ڕەمەزانی بڵاوکردەوە، کە تێیدا جەختی لەسەر پابەندبوونی هاووڵاتیان و کەسانی نیشتەجێبووی بیانیش کردۆتەوە.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: “بەبۆنەی هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانەوە و لە سۆنگەی ئەرکە دەستووری و یاساییەکان بۆ پاراستنی نێزامی گشتی و ئاشتی کۆمەڵایەتی، داوا لە هەموو هاووڵاتیان و نیشتەجێبووان (بیانییەکان) دەکەین پابەندی حورمەتی ئەم مانگە بن و ڕێز لە تایبەتمەندی و پیرۆزییەکەی بگرن.”

خاڵە سەرەکییەکانی بەیاننامەکە:
قەدەغەکردنی ڕۆژووخواردنی ئاشکرا: بە هەموو شێوەیەک ڕۆژووخواردنی ئاشکرا لە کاتەکانی بەڕۆژووبووندا قەدەغەیە، چونکە بە بێڕێزی بەرامبەر هەستی ڕۆژووەوانان و حورمەتی مانگەکە دادەنرێت. ئەم بڕیارە هەمووان بەبێ جیاوازی دەگرێتەوە، چ هاووڵاتیانی عێراق بن یان ئەوانەی لە عێراق نیشتەجێن.

خواردنەوە کحوولییەکان: کڕین، فرۆشتن و پێشکەشکردنی هەموو جۆرە خواردنەوەیەکی کحوولی لەم مانگەدا قەدەغەیە، هەروەها کۆگاکانی فرۆشتنیان بە داخراوی دەمێننەوە.

چێشتخانە و کافتریاکان: هەموو چێشتخانە، کافتریا، قاوەخانە و یانە کۆمەڵایەتییەکانی ناو هۆتێلەکان کە خواردن و خواردنەوە پێشکەش دەکەن، لە کاتەکانی بەڕۆژووبووندا دادەخرێن. تەنها ئەو شوێنانە نەبێت کە مۆڵەتی فەرمیان لە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە هەیە، کە ئەوانیش تەنها لە کاتی بەربانگەوە تا کاتی پارشێو بۆیان هەیە کار بکەن.

ڕێکارە یاساییەکان و سزاکان:
وەزارەتی ناوخۆ جەختی کردەوە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکان و حکومەتە خۆجێییەکانی پارێزگاکان چاودێری جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە دەکات. سزاکانیش بەم شێوەیە دەبن:

بۆ هاووڵاتیان: هەر سەرپێچییەک ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی توندیان دەکاتەوە بەپێی یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (٢٠)ی ساڵی ٢٠١٦.

بۆ بیانییەکان: ئەو بیانیانەی لە وڵاتدا کار دەکەن، لە ئەگەری هەر سەرپێچییەکدا ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبنەوە، کە ڕەنگە بگاتە قەدەغەکردنیان لە کارکردن یان دەرکردنیان (دیپۆرتکردنەوەیان) لە عێراق بەپێی یاسا کارپێکراوەکان.

هەواڵی پەیوەندیدار

بانکێکی دیکە بەشداری لە پرۆژەی (هەژماری من) دەکات

یاسین

لوبنان نزیکەی ٦ ملیۆن حەبی کاپتاگۆنی لە رێگای قاچاغ بۆ سعوودیە دەستی بەسەردا گرت

یاسین

هه‌ڵمه‌تی دەستگیرکردنی کەسانی داواکراو و هەڵگرتنی زێدەڕۆییەکان له‌ ناوچه‌یه‌كی به‌غدا ده‌ستی پێكرد

سەڵاح