نەسیم عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی “اقتدار” کە بەشێکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، ڕۆژی دووشەممە ئاشکرای کرد کە لە ناو ماڵی شیعەدا کۆبوونەوە و وتووێژ بەردەوامە سەبارەت بە کاندیدی سەرۆکایەتی حکومەتی نوێ.
عەبدوڵڵا بە “شەفەق نیوز”ی ڕاگەیاند: “هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەو تەحەددییانەی وڵات پێیدا تێپەڕ دەبێت و پرسی کۆدەنگی نیشتمانی لەسەر کاندیدی ماڵی شیعە بۆ سەرۆکایەتی حکومەت ڕەچاو دەکەن، دواجار لە ڕێگەی بڕیارێکی یەکگرتووەوە کۆتایی بە مشتومڕەکان دەهێنن.”
لە بەرامبەردا، سەرچاوەیەک لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەی بەوە کرد کە “هەندێک لە سەرکردەکانی ناو چوارچێوەکە، بەتایبەت ئەوانەی تێبینییان لەسەر کاندیدکردنی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا هەیە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، کۆبوونەوەی ڕاوێژکارییان لەگەڵ زۆربەی سەرکردەکانی ماڵی شیعە ئەنجامداوە بۆ یەکخستنی دیدگا و هەڵوێستەکان. ئەنجامی گفتوگۆکان لەگەڵ مالیکی ئەوە بووە کە ناوبراو سوورە لەسەر کاندیدبوونی بۆ ئەو پۆستە.”
بەپێی وتەی سەرچاوەکە بۆ شەفەق نیوز: “هەندێک لە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پێیان وایە تەحەددییەکان گەورەن و کەڵەکەبوونی قەیرانەکان لەوانەیە کاردانەوەی پێچەوانەی عێراقییەکانی بەرامبەر تەواوی پرۆسەی سیاسی لێ بکەوێتەوە، جگە لە گوشارە دەرەکییەکان و بارودۆخی ناوچەکە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەری هەیە گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردنی کاندیدێکی نوێ لەناو لیستی کاندیدەکانی پێشوودا بکرێت، بەمەش بڕیارەکە هەر لە دەستی چوارچێوەی هەماهەنگیدا دەمێنێتەوە.”
لە لایەکی ترەوە، سەرچاوەیەکی نزیک لە مالیکی بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاند: “ئەو هەواڵ و زانیارییانەی باس لەوە دەکەن کە مالیکی ئێوارەی ئەمڕۆ لە کاندیدبوون پاشەکشە دەکات ڕاست نین، ئەو سوورە لەسەر بەردەوامبوون.”
هەروەها وتیشی: “ئەمڕۆ دووشەممە هیچ کۆبوونەوەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی نییە تاوەکو بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات، ئەوەی بڵاوکراوەتەوە تەنها دەنگۆیە و ئەجێندای سیاسی لە پشتەوەیە.”

