فالح خەزعەلی، سەرۆکی فراکسیۆنی “منتصرون”ی پەرلەمان پێشنیازێکی ئاشکرا کرد بۆ هاوردەکردنی ١٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل ساڵانە لە بەرامبەر “هەڵوەشاندنەوە و لابردنی” (تسقیط) مۆدێلە کۆنەکان، بە مەرجێک بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک بڕی ٤ هەزار دۆلار وەک پێناسەی دارایی وەربگیرێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم پڕۆژەیە – لە ئەگەری جێبەجێکردنیدا – ساڵانە نزیکەی ٧٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ بودجەی دەوڵەت دابین دەکات و ڕووداوەکانی هاتوچۆ و پیسبوونی ژینگەی عێراق کەمدەکاتەوە.
خەزعەلی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ناو تەلاری پەرلەمان ڕایگەیاند: “پێشنیازێکمان پێشکەش بە سەرۆک وەزیران کردووە و داوامان کردووە بخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، کە هاوکار دەبێت لە زیادکردنی داهاتی دارایی بە بڕی ٦٥٠ ملیۆن دۆلار ساڵانە”، ڕوونیشی کردەوە کە “ئەم بڕە پارانە بەشدار دەبن لە پاڵپشتیکردنی کەرتی پەروەردە، تەندروستی و کەرتەکانی تر”.
گرنگترین خاڵەکانی پێشنیازەکە:
• ڕێگری لە مۆدێلی کۆن: ڕێگە نادرێت بە هاتنە ناوەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی مۆدێلیان نزمە.
• کوالێتی جیهانی: تەنها ڕێگە بە ئۆتۆمبێلی کۆمپانیا بەناوبانگ و جیهانییەکان دەدرێت.
• سیستەمی گۆڕینەوە: هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل بەرز لە بەرامبەر لەناوبردنی ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل نزمدا دەبێت.
• ڕەسمی دارایی: دانانی ڕەسمی ٤ هەزار دۆلار بۆ هەڵوەشاندنەوەی (تسقیط) هەر ئۆتۆمبێلێک، بۆ ژمارەی ١٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل لە ساڵێکدا (بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ٨ ملیۆن ئۆتۆمبێل لە عێراقدا هەن).
خەزعەلی ڕوونیشی کردەوە کە ئەو ئۆتۆمبێلانەی لادەبرێن دەبنە سەرچاوەیەکی باشی کانزا و کەرەستەی تر، چونکە هەر ئۆتۆمبێلێک بە تێکڕا کێشەکەی دەگاتە ٣ تۆن، ئەمەش داهاتێکی تری دارایی بۆ دەوڵەت دابین دەکات.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە جێبەجێکردنی ئەم پێشنیازە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، کە لە ساڵانی ڕابردوودا ٦٠ هەزار قوربانی لێکەوتووەتەوە، جگە لە کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا کە ئێستا بەهۆی ئۆتۆمبێلە خراپەکانەوە دروست بووە.

