وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ڕزگارکردنی دوو هاووڵاتی دانیشتووی شاری سەماوەی ڕاگەیاند کە لە ناو خاکی ئێراندا ڕفێندرابوون. ئەمەش دوای هەوڵێکی نائاسایی و بەدواداچوونی ورد و هەماهەنگی و هاوکاریی هاوبەش لەگەڵ پۆلیسی ئێران هاتە بەرهەم.
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق “دەستبەجێ دوای گەیشتنی زانیارییەکان، پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی لایەنی ئێرانی ئەنجام درا؛ فەرماندەیی پۆلیسی ئێران هاوکارییەکی باڵا و وەڵامدانەوەیەکی خێرای نیشان دا، هەوڵێکی چڕیان دا کە بووە هۆی دیاریکردنی شوێنی ڕفێندراوەکان و ڕزگارکردنیان لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنێکی جۆرییەوە، جگە لە دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی تێوەگلابوون لە تاوانی ڕفاندنەکەدا بۆ ئەوەی ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتە بەر.”
وەزارەت جەختیشی کردەوە کە: “ئەم دەستکەوتە ڕەنگدانەوەی ئاستی هەماهەنگی ئەمنی و هاوکاری دووقۆڵیی نێوان هەردوو وڵاتە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانی ڕێکخراو و پاراستنی هاووڵاتیان لە هەر شوێنێک بن.” هەروەها سوپاس و پێزانینی زۆری خۆی بۆ فەرماندەیی پۆلیسی ئێران دەربڕی بۆ ئەو پیشەییبوونە بەرزە و هەوڵە نائاساییانەی کە بوونە هۆی سەرکەوتنی پڕۆسەی ڕزگارکردنەکە و گەڕانەوەی هاووڵاتیان بە سەلامەتی.

