zagros news agency

لە عێراق ملیاران دینار لە پڕۆژە وەهمییەکاندا بەهەدەر دەچێت

ڕاپۆرتێکی بنكۆڵكاریی رۆژنامەوانیی عێراقی، وردەکاریی گەندەڵیی تەندەر و گرێبەستەکان لە عێراق بڵاو دەکاتەوە و ئاشکرای دەکات کە چۆن ملیاران دینار لە پڕۆژە وەهمییەکاندا بەهەدەر دەچن.

ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی هەواڵی (بەغداد ئەلیەوم) ئاماژەی بەوە کردووە: گەندەڵی لە وڵاتەکەدا تەنیا دزییەکی سەرپێیی نییە، بەڵکوو سستمێکی داڕێژراوە کە لە ساتی پێشنیازکردنی پڕۆژەکانەوە دەست پێدەکات و تا قۆناغی دەربازبوون لە سزا بەردەوام دەبێت.

بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، یەکەم هەنگاوی تاڵانی لەوێوە دەست پێدەکات کە تێچووی قەبڵێندراوی پڕۆژەکان زۆر بەرزتر لە نرخی ڕاستەقینەی بازاڕ دادەنرێت. پاشان مەرجە تەكنیكییەكان بە جۆرێک دادەڕێژرێن کە کێبڕکێی کۆمپانیا پیشەییەکان پەک بخەن و ڕێگا تەنیا بۆ ئەو کۆمپانیایانە خۆش بکەن کە بە سیاسی یان بازرگانییەوە بە حزب و لایەنە دەستڕۆیشتووەکانەوە بەستراونەتەوە.

ڕاپۆرتەکە هەروەها ئاشکرای کردووە، لەناو ژووری لیژنەکانی کردنەوەی تەندەردا، تێبینییە رووكەشیییەكان وەکوو چەک بەکار دێن، بە پاساوی کەمیی واژۆیەک یان هەڵەیەکی وردی بانکی، هەرزانترین و باشترین پێشنیارەکان لادەبرێن تاوەکوو گرانترین گرێبەست تێپەڕێنرێت، کە زۆر جار ئەو کۆمپانیایانەن پێشوەختە لەسەریان ڕێک کەوتوون.

ڕاپۆرتەکە باسی لەوەش کردووە، کە پاش واژۆکردنی گرێبەست، قۆناغی “تاڵانیی کردەیی” دەست پێدەکات.

بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، کەرەستە بنەڕەتییەکان بە ماددەی کوالێتیی نزم دەگۆڕدرێن و ماوەی پڕۆژەکان بە پاساوی جیاواز درێژ دەکرێنەوە تاوەکوو تێچووی زیادە وەربگیرێت. ئەنجامەکەشی ئەوەیە کە پڕۆژەکە لەسەر کاغەز ١٠٠٪ تەواو بووە، وەلێ لە واقیعدا بە یەکەم لێزمەباران شەقامەکان تێکدەچن و میچی قوتابخانەکان دڵۆپە دەكەن.

عەلی حەبیب شارەزای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بە ئاژانسەكەی ڕاگەیاندووە: “گەندەڵی گەیشتووەتە ناو وردەکاریی ژیانی کارگێڕی، لە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی حکوومەت بۆ بەرژەوەندیی کەسی، تا دەگاتە تێپەڕاندنی فەرمانبەری وەهمی (بندیوار). ئەمانە هەمووی هۆکارن بۆ ئەوەی بودجەی وڵاتەکە لەجیاتی ئاوەدانکردنەوە، بۆ خەرجیی بێسوود و گیرفانی دەستە و تاقمە گەندەڵەکان بڕوات.”

هەواڵی پەیوەندیدار

بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل: شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئێران کۆتایی پێکدادانەکە نەبوو

یاسین

فراکسیۆنه کوردستانییەکان راگەیەندراوێکیان سەبارەت به بڕیاری وەزارەتی دارایی بڵاوکردەوه

سەڵاح

ڕەشا تالب : دەنگێ تە دێ جیاوازییێ بۆ مافێن مە دروست کەت

سەڵاح