محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئەنجامدا. لە پەیوەندییەکەدا باس لە دواین پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناوچەکە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاگربەست کرا.
سوودانی جەختی کردەوە کە عێراق هیچ هەوڵێک درێغی ناکات بۆ هێنانەدی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە دوای هێرشکردنە سەر ئێران دەستی پێکردووە و بووەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی درێژخایەنی ناوچەکە.
سوودانی هێرشەکانی سەر سەروەریی خاکی عێراقی ڕەتکردەوە کە بووەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەک لە ئەندامانی حەشدی شەعبی و ڕایگەیاند کە ئەم هێرشانە بۆ تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتییە.
سوودانی هاوسۆزی خۆی دەربڕی بۆ کەوتنی قوربانی لە ڕیزەکانی هێزە فەرەنسییەکان لە پارێزگای هەولێر کە وەک بەشێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەوێدان. جەختیشی کردەوە کە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکرێت بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی.
سەرۆکی فەرەنسا ستایشی ڕۆڵی گرنگی عێراقی کرد لە ئاسانکاری بۆ لێکتێگەیشتنە نێودەوڵەتییەکان و پشتگیری وڵاتەکەشی بۆ هەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ڕێگری لە پەرەسەندنی دۆخەکە دووپات کردەوە.

