zagros news agency

سەرجەم یارییەکانی خولی پلە یەکی کوردستان تا کاتێکی نادیار رادەگیرێت

​لە کاتێکدا کە بەهۆی بارودۆخی تایبەتی ناوچەکە و لەپێناو پاراستنی سەلامەتی گشتی، بڕیاری بەڕێوەچوونی یارییەکانمان بەبێ ئامادەبوونی هاندەران داوە؛ دەمانەوێت جەخت بکەینەوە کە وەرزش لە بنەڕەتدا پەیامی ئاشتی، پێکەوەژیان و قبوڵکردنی ئەنجامەکانە بە ڕۆحێکی وەرزشییانە.
​ئێمە پێمان وایە یاریگاکان دەبێت تەنیا شوێنی نمایشی بەهرە و ڕەوشتبەرزی بن، نەک ببنە گۆڕەپانی شەڕ و ئاژاوەگێڕی. بەداخەوە، ئەو دیمەنانەی لەم دواییانەدا لە هەندێک یاریگاکان بینران، لادانێکی مەترسیدار بوون لە پرەنسیپە ڕەسەنەکانی وەرزش.​بۆیە، لەپێناو پاراستنی گیانی یاریزانان، ناوبژیوانان و سەرجەم وەرزشکاران، وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و یاسایی، ئەم هەنگاوەمان گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی ڕێگری بکەین لە هەر لێکەوتەیەکی نەخوازراو و دووبارەبوونەوەی ئەو ئاژاوانە ، ئەم بڕیارانەی خوارەوەمان دا:

بڕیارەکان و هەڵوێستی نوێمان:
1- ڕاگرتنی خول: بڕیارماندا بە ڕاگرتنی سەرجەم یارییەکانی خولی پلە یەکی کوردستان تا کاتێکی نادیار. ئەمە هەنگاوێکی پێویستە بۆ پێداچوونەوە بە بارودۆخەکان و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی گشتی.
2- سزای توند: لەمەودوا هەر یانە، یاریزان، یان هاندەرێک ببێتە هۆکاری تێکدانی کەشی وەرزشی، ڕووبەڕووی سزای وا توند دەبێتەوە کە بگاتە ئاستی سڕکردنی هەمیشەیی و دەرکردن لە خولەکان. ئێمە یاریگای چۆڵمان پێ باشترە لە یاریگایەک کە تێیدا بێڕێزی بە شکۆی مرۆڤەکان بکرێت.
3- قەدەغەکردنی چەک: بەهیچ جۆرێک جێگای قەبوڵکردن نییە و ڕێگە نادرێت چەک بێتە ناو یاریگاکانەوە، تەنانەت پیاوانی ئەمنیش دەبێت بەبێ چەک لە ناوەوەی گۆڕەپان و یاریگادا ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.
4- بەرپرسیارێتی یانەکان: یانەکان بەرپرسی یەکەمن لە ڕەفتاری هاندەران و ستافەکانیان. هەر کاتێک کۆنترۆڵی یاریگاکەتان بۆ نەکرا، دەبێت باجە یاسایی و وەرزشییە قورسەکەی بدەن.

پەیامێک بۆ هەمووان:
داوا لە سەرۆک یانەکان، ڕاهێنەران و کاپتنەکان دەکەین ببنە پێشەنگ لە چاندنی تۆوی برایەتی. وەرزش بردنی تێدایە و دۆڕانیشی تێدایە، ئەوەی ناتوانێت بە شکۆوە بدۆڕێت، شایستەی ئەوە نییە بە شانازییەوە بباتەوە. ڕێگە نادەین کەمینەیەکی ئاژاوەگێڕ ناوی وەرزشی کوردستان لەکەدار بکەن، چونکە پاراستنی ئاسایشی یاریگاکان هێڵی سوورە و هیچ سازشێکی لەسەر ناکەین.

یەکێتی تۆپی پێی کوردستان
هەینی 13-3-2026

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخى نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوەتەوە

سەڵاح

مەرجەکانی کاندید بوون بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقی ئاشکرا کرا

سەڵاح

ڕیاڵ مەدرید کاپتنەکانی خۆی بۆ وەرزی داهاتوو دیاری کرد

یاسین