باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا پشتگیریی خۆی بۆ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق دەربڕی و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازێت لە پێکهێنانی حکومەتی نوێدا.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پێشوازی لە کاندیدکردنی عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق دەکەن.
لە ڕاگەیێندراوەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکادا هاتووە: “هیوای باشترین بۆ عەلی زەیدی دەخوازین بۆ ئەرکی پێکهێنانی حکومەتێک کە بتوانێت خواست و داواکارییەکانی هەموو عێراقییەکان بەدیبهێنێت.”
ئەم هەڵوێستەی واشنتن لەکاتێکدایە، کە چاوەکان لەسەر عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراون بۆ ئەوەی لە ماوەی یاساییدا کابینە وزارییەکەی پێکبهێنێت و متمانەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، بە ئامانجی تێپەڕاندنی ئاڵنگارییە سیاسی و ئابوورییەکانی ئێستای عێراق.

