zagros news agency

پەرلەمانی عێراق ئامادەکاری بۆ تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گاز و مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران دەکات

 

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات کە لە وەرزی نوێی یاساداناندا، پەرلەمان کار لەسەر کۆمەڵێک یاسای گرنگ و ستراتیژی دەکات، کە لە سەرووی هەموویانەوە یاساکانی “نەوت و گاز” و “حەشدی شەعبی” دێن.
زوحا سەدخان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی “نەهج وەتەنی” لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “زیاتر لە 100 پڕۆژەیاسا لە نێو رەوڕەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەراندا هەن؛ هەندێکیان پێویستیان بە خوێندنەوە و گفتوگۆ هەیە، هەندێکی تریشیان پێویستیان بە هەموارکردنەوە و دەنگدانە.”
سەدخان ئاماژەی بەوەش کرد کە وەرزی نوێی یاسادانان دەبێتە وەرزی یەکلاییکردنەوەی چەندین یاسای هەستیار، لەوانە:
1. یاسای نەوت و گاز.
2. یاسای ئەنجومەنی راژەی فیدراڵی.
3. یاسای دادگای فیدراڵی.
4. یاسای حەشدی شەعبی.
5. یاسای خانەنشینی و یاسای نوێی بنەڕەتی مووچە.
ئەم پەرلەمانتارە روونیکردەوە کە لیژنە پەرلەمانییەکان لە وەرزی دووەمی یاساداناندا کاردەکەن بۆ رەوانەکردنی ئەم یاسایانە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان، بە مەبەستی خوێندنەوە و ئامادەکردنیان بۆ پەسەندکردن.
لەلایەکی دیکەوە، عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، پشتڕاستی کردەوە کە جوڵەیەکی فراوان لە ناو پەرلەماندا هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەو یاسایانەی ساڵانێکی زۆرە دواکەوتوون. فەیحان جەختی لەوە کردەوە کە یاسای نەوت و گاز و یاسای خزمەتی شارستانی لە کارە هەرە لەپێشینەکان دەبن.
جێی ئاماژەیە، یاسای نەوت و گاز یەکێکە لە ئاڵۆزترین ئەو یاسایانەی کە لە خولەکانی پێشووی پەرلەمانەوە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. هۆکاری سەرەکیش دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان و دابەشکردنی داهاتەکان.
هەروەها یاسای حەشدی شەعبیش رووبەڕووی داواکاری دەبێتەوە بۆ رێکخستنەوەی میلاکات و پەیوەندیی بە دامەزراوە ئەمنییەکانەوە، لە کاتێکدا یاسای سلەمی مووچە چاوەڕوانییەکی زۆری فەرمانبەرانی لەسەرە بۆ رێکخستنەوەی مووچە و دادی کۆمەڵایەتی.

هەواڵی پەیوەندیدار

مەسرور بارزانی بەردی بناغەی دوو پارک لە دهۆک دادەنێت

یاسین

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ قوتابیان ئاگادار ده‌كاته‌وه‌

سەڵاح

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو

سەڵاح