دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، بە توندی سەرکۆنەی شەهیدکردنی هاووڵاتییەکی کورد دەکات کە لە ناوچە سنوورییەکان خەریکی شوانکارەیی بووە و لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کراوەتە ئامانج.
بەپێی بەیاننامەیەکی دەستەکە کە کۆپییەکی دەست (ئاژانسی هەوالی زاگرۆس) کەوتووە، ڕووداوەکە لە کوێستانەکانی “کێلەشین” ڕوویداوە. تێیدا هاتووە: “بەداخ و پەژارەیەکی قووڵەوە، هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران تەقەیان لە شوانێکی بێتاوانی کورد کردووە و شەهیدیان کردووە، پاشان تەرمەکەی و تەنانەت مەڕوماڵاتەکەشیان بۆ ناو خاکی ئێران ڕاگوێزاوە.”
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئەم کارە بە “تاوانێکی قێزەون” و “دەستدرێژییەکی ئاشکرا” بۆ سەر ژیانی مەدەنییەکان وەسف دەکات. هەروەها جەخت دەکاتەوە کە ئەمە پێشێلکارییەکی ڕوونی سەروەریی خاک و بەزاندنی سنوورەکانی نێوان دوو وڵاتە، و دژایەتییەکی تەواوی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە.
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا، دەستەکە چەند داواکارییەکی بەپەلەی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە:
١- ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی ورد، شەفاف و نێودەوڵەتی لەسەر ڕووداوەکە.
٢- ڕووبەڕوکردنەوەی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بۆ سزای یاسایی.
٣- قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییەکە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دووپاتی دەکاتەوە کە وەک ئەرکێکی مرۆیی و یاسایی، لە نزیکەوە و بە وردی چاودێری ئەم دۆسیەیە دەکەن و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵ دەبن بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە پێشێلکارییە قبووڵنەکراوانە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کردووە و هاوخەمی خۆی بۆ کۆچی دوایی دەربڕیوە.


