zagros news agency

کارکردن لە پڕۆژەی (ڕێڕەوی ژیان) بەردەوامە و دەبێتە یەکێک لە ناوازەترین شوێنە گەشتیارییەکان

 

کارەکانی دروستکردنی پڕۆژەی (ڕێڕەوی ژیان) لەسەر شەقامی کۆرنیشی شاری هەولێر بە شێوەیەکی چڕ و ڕۆژانە بەردەوامە. ئەم پڕۆژەیە کە وەک یەکێک لە ستراتیژیترین پڕۆژە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت، بڕیارە گۆڕانکارییەکی گەورە لە ڕوخساری گەشتیاریی شارەکەدا دروست بکات.

پڕۆژەی ڕێڕەوی ژیان، ڕووبەرێکی بەرفراوان دەگرێتەوە کە دەگاتە ١٠١ هەزار و ٦٠٠ مەتر دووجا. پڕۆژەکە لە ناوچەی شاوەیس و سێبەردانەوە دەستپێدەکات و بە درێژایی شەقامی کۆرنیش تاوەکو ڕێگاکانی کەرکووک و مەخموور درێژ دەبێتەوە، ئەمەش وای کردووە ببێتە یەکێک لە درێژترین و گەورەترین پڕۆژە ژینگەیی و گەشتیارییەکان.

دیزاینی ئەم پڕۆژەیە بە هاوبەشی لەلایەن ئەندازیارانی ناوخۆیی و ڕاوێژکارانی وڵاتی ئیتاڵیاوە کراوە، کە تێیدا مۆدێرنیتە و ژینگەپارێزی لەبەرچاو گیراوە. پڕۆژەکە سێ دەریاچەی گەورە و دوو ڕێڕەوی ئاوی بازنەیی لەخۆدەگرێت، کە پانیی ڕێڕەوەکان لە نێوان ١٥ بۆ ٢٥ مەتردایە و قووڵییەکەیان دەگاتە ٥ مەتر.

بۆ زیاتر جوانکردنی سیمای پڕۆژەکە و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە هەولێر، ڕووبەرێکی زۆری سەوزایی و چاندنی دار لە پڕۆژەکەدا جێگیر کراوە. هەروەها بڕیارە چەندین کافێ و چێشتخانەی مۆدێرن لە ناو پڕۆژەکەدا دروست بکرێن، تاوەکو ببێتە ناوەندێکی سەرنجڕاکێش بۆ گەشتیاران و هاووڵاتیانی شاری هەولێر و دەوروبەری.

لە ئێستادا تیمەکانی کارکردن بە شێوەیەکی بەردەوام لەسەر پڕۆژەکە کار دەکەن تاوەکو لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا تەواو بکرێت و بخرێتە خزمەت کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئافرەتانی دەستبەسەرکراو لە هەرات ڕووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی و هاوسەرگیریی زۆرەملێ بوونەتەوە

یاسین

مونا قه‌هوه‌چی: له‌ ٨ مارسدا ئافرەتان ڕۆڵێکی گرنگیان لە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی باشتر و دادپەروەرتر هەیە

سەڵاح

كه‌نه‌دا… فڕۆکەیەکی نەفەرھەڵگر لە فڕۆکەخانەی تۆرۆنتۆ تێکشکا

سەڵاح