zagros news agency

شارەوانیی هەولێر هەڵمەتێکی فراوان بۆ کۆتاییهێنان بە زێدەڕۆییەکانی بازاڕی شێخەڵڵا دەستپێدەکات

 

بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی یەکی هەولێر، هەڵمەتێکی مەیدانی بۆ ڕێکخستنەوەی بازاڕی گەورە و نەهێشتنی زێدەڕۆییەکانی ناوچەی شێخەڵڵا دەستپێکرد، ئامانج لێی ئاسانکارییە بۆ هاتووچۆی هاونیشتمانیان و پاراستنی سیمای شار.

ئەمڕۆ هەینی، ٧ی ئابی ٢٠٢٦، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی یەک بە سەرپەرشتیی ئەندازیار سەنگەر محەمەد زین‌الدین، بەڕێوەبەری شارەوانی، چەندین چالاکیی جۆراوجۆریان بۆ ڕێکخستنەوەی بازاڕ و شەقامە گشتییەکان ئەنجامدا.

سەنگەر محەمەد، بەڕێوەبەری شارەوانیی یەک ڕایگەیاند؛ تیمەکانیان بەردەوامن لە چاودێریکردنی بازاڕی گەورە و کاردەکەن بۆ لابردنی هەموو ئەو سەرپێچی و زێدەڕۆییانەی کە بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم هاتوچۆی پیادە و ئۆتۆمبێل، بەتایبەتی لەو شوێنانەی قەرەباڵخییەکی زۆریان لەسەرە.

گرنگترین ئەو کارانەی لە هەڵمەتەکەی ئەمڕۆدا ئەنجامدراون بریتین لە:

ڕێکخستنەوەی بازاڕی گەورە و کۆنترۆڵکردنی زێدەڕۆییەکان.

هەڵگرتنی سەرپێچییەکانی سەر شەقام و پیادەڕوەکان.

کردنەوەی شەقامە گشتییەکان بۆ کەمکردنەوەی لۆد و ئاسانکاریی هاتووچۆ.

ئاگادارکردنەوەی کاسبکاران بۆ پابەندبوون بە ڕێنماییەکان، بەتایبەت لە ڕۆژانی هەینیدا.

بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی یەک جەخت دەکاتەوە کە ئەم هەڵمەتانە بەردەوامییان دەبێت، ئەمەش لەپێناو دابینکردنی ژینگەیەکی پاک و ڕێکخراو کە شایستە بێت بە سیمای شارستانیی پایتەخت و خزمەتکردنی زیاتری هاونیشتمانیان.

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزارەتی دارایی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کرد

سەڵاح

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە

سەڵاح

په‌یامى رێزدار نێچیرڤان بارزانى بۆ یادى دامه‌زراندنى پارتى دیموكراتى كوردستان

یاسین