zagros news agency

پەیامێکی پیرۆزبایی لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی (٦٢)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان.

بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان.

ئەمڕۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانە، ئەو ڕێکخراوە پیشەییەی بە بڕیار و ڕێنمایی(بارزانیی نەمر) لە (١٥ی ئایاری ١٩٦٢) دامەزرا، دامەزراندنی ئەو ڕێکخراوە وەچەرخانێکی گرینگ و چارەنووسساز بوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان و تێکۆشانی نەپساوەی ڕۆڵەکانی بە گشتی و مامۆستایان بە تایبەتی.

یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، وەک بزووتنەوەیەکی پیشەیی، یەکێکە لەو ڕێکخراوانەی، کە پێگە و سەنگێکی کاریگەری هەبووە لە قۆناغە جیاجیاکانی تێکۆشانی نیشتمانی و نەتەوەییماندا، لە لایەکی دیکەوە ئەو ڕێکخراوە بە درێژایی تەمەنی شکۆداری خۆیدا قوتابخانەیەکی پێگەیاندنی کەسایەتی تێکۆشەر و دڵسۆز و سەرکردە بووە، بەمەش خزمەتێکی بێ پایانی بواری پیشەیی و خەباتی مەدەنییانە و سیاسییانە و پەروەردەیی لە کوردستاندا کردووە.

ئەمڕۆ لەو هەلومەرجە هەستیارەی هەرێمی کوردستان و ئەو بارودۆخەی لە ئارادایە وا دەخوازێ بە هەموو لایەک و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەکەمان لەسەر ئاستی سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵگەییەوە، بەرپرسانە و دڵسۆزانە هەوڵ بۆ پاراستنی ئەو ئەزموونە و سەقامگیریی و ئارامی و دەسکەوتەکانمان بدەین.

لەم بۆنەیەدا پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی ئێوە و کادیر و ئەندامانی هێژای یەکێتییەکەتان دەکەین و خەبات و تێكۆشانی ڕێكخراوەكەتان بەرز دەنرخێنین، ھاوکات پشتیوانیی خۆمان بۆ کارنامە و چالاکییەکانتان دووپات دەكەینەوە و هیوادارین وەك هەمیشە دڵسۆزانە و بەرپرسانە زیاتر برەو بە كار و چالاكییەكانتان بدەن و ئاستی پەروەردە و فێركردن بەرزتر و بەرەو پێشتر ببەن بۆ پێگەیاندنی نەوەیەكی هۆشیار و تێگەیشتوو و سوودمەند.

سڵاو و ڕێز و وەفاداریی بۆ دامەزرێنەران و سەرۆك و سكرتێرە پێشەنگەكانی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان.
بەرزو پیرۆز بێت(٦٢)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٥ی ئایاری٢٠٢٤

هەواڵی پەیوەندیدار

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو دەکاتەوە

سەڵاح

سێ زیندانیی دیکەی پەکەکە گواسترانەوە بۆ ئیمراڵی ، تورکیا دەڵێت لە پێناو پڕۆسەی ئاشتییە

سەڵاح

نووسه‌رێك بۆ زاگرۆس: ده‌بێت به‌یاسا ڕێگری بکرێت لە بەشداریکردنی هەر لایەنێکی خاوەن چەک لە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکان له‌ عێراقدا

سەڵاح