ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی خێراکردنی ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوی لەگەڵ سەرجەم شارەوانییەکان کۆدەبێتەوە

 

ئەمڕۆ یەكشەممە 19/5/2024، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی و یاسا لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەكان و سەرۆكی شارەوانییەكانی سەرجەم پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە ڕێكارەكانی دابەشكردنی زەوی بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا بەدواداچوون بۆ كارەكانی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی كرا كە لە چەند ڕۆژی پێشوودا لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە داوا لە سەرجەم شارەوانییەكان كرابوو دەست بە ڕێكارەكانی پرۆسەكە بكەن و لەسەر نەخشە، زەویی پێشنیازكراو دەستنیشان بكەن لەگەڵ دیاریكردنی كێشە و گرفتەكانیان، ئەمڕۆ سەرجەم شارەوانییەكان نەخشەكانیان ڕادەستی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كرد. هەروەها ئەو كێشە و گیروگرفتانەی لە پرۆسەی دابەشكردنی زەویدا دێنە بەردەم شارەوانییەكان و بابەتی دابینكردنی زەوی و كوژاندنەوەی زەوی و فراوانكردنی ماستەرپلانی هەندێك لە شارەوانییەكان تاوتوێ كران.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی قسەكانیدا، جەختی لەسەر جدیەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دابەشكردنی زەوی كردەوە و ئاماژەی بەوە كرد پێویستە لە سنووری شارەوانییەكان زەوی بۆ فەرمانبەران دابین بكرێت و ئەو شارەوانییانەی كە زەوییان نییە لە شوێنی دیكە دابینی بكەن، هەروەها جەختیشی لەسەر دیاریكردنی ستافێكی تایبەت لە شارەوانییەكان بۆ ڕووپێویكردنی زەوی و بەڕێوەبردنی پرۆسەكە كردەوە و ئاماژەی بەوەش كرد دابەشكردنی زەوی لە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییانە و پێویستە ئەو پرۆسەیە بە خێرایی و بە ڕێكوپێكی بەڕێوە بچێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌ركۆمار كۆبووه‌وه‌

سەڵاح

شەپۆلێکی زۆر بەهێزی بارانبارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

دڵشاد

ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیی سەردەشت بە وەرگرتنی بەرتیل تۆمەتبار کران

یاسین