ئەمڕۆ یەكشەممە سەرجەم شارەوانییەكان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان نەخشەی ئەو زەویانەیان رادەستی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كرد كە تایبەت كراون بۆ دابەشكردنیان بەسەر فەرمانبەراندا.
ئەمڕۆ یەكشەممە بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە ڕێكارەكانی دابەشكردنی زەوی بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا بەدواداچوون بۆ كارەكانی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی كرا كە لە چەند ڕۆژی پێشوودا لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە داوا لە سەرجەم شارەوانییەكان كرابوو دەست بە ڕێكارەكانی پرۆسەكە بكەن و لەسەر نەخشە، زەوی پێشنیازكراو دەستنیشان بكەن لەگەڵ دیاریكردنی كێشە و گرفتەكانیان.
بۆ ئەم مەبەستە ئەمڕۆ سەرجەم شارەوانییەكان نەخشەكانیان ڕادەستی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كرد، هەروەها ئەو كێشە و گیروگرفتانەی لە پرۆسەی دابەشكردنی زەویدا دێنە بەردەم شارەوانییەكان و بابەتی دابینكردنی زەوی و كوژاندنەوەی زەوی و فراوانكردنی ماستەرپلانی هەندێك لە شارەوانییەكان تاوتوێ كران.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر جدییەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دابەشكردنی زەوی كردەوە و ئاماژەی بەوە كرد كە پێویستە لە سنووری شارەوانییەكان زەوی بۆ فەرمانبەران دابین بكرێت و ئەو شارەوانییانەی كە زەوییان نییە لە شوێنی دیكە دابینی بكەن.
هەروەها جەختیشی لەسەر دیاریكردنی ستافێكی تایبەت لە شارەوانییەكان بۆ ڕووپێویكردنی زەوی و بەڕێوەبردنی پرۆسەكە كردەوە، ئاماژەی بەوەش كرد كە دابەشكردنی زەوی لە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییانە و پێویستە ئەو پرۆسەیە بە خێرایی و بە ڕێكوپێكی بەڕێوە بچێت.