ڕۆژی پێنجشەممە، ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی بەڕێزان، هەڤال ئەحمەد حسێن، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت بە وەکالەت، لیوا طارق ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی لێژنەی باڵای چاکسازی پۆلیس، ماتیۆ سەلڤاتۆری، سەرۆکی ئەرکانی دەستەی ڕاوێژکارانی یەکێتی ئەرووپا له عێراق و ستافی دەستەکە، لیوا دیدار عومەر، بەڕێوەبەری گشتی ڕەگەزنامە، لیوا یادگار ئەنوەر فەرەج، بەڕێوەبەری گشتی بەرگری شارستانی، لیوا دلێر فەرزندە، فەرماندەی پاسەوانی سنوور ناوچەی/ یەک، لیوا سیروان صالح، سەرۆکی دەستەی پشکنینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، خاتوو ڕۆندک فارس، بەڕێوەری ئەکادیمیای سەرکردایەتیی و بەڕێوەبردن لە وەزارەتی ناوخۆ، ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییە جیاوازەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، خولێکی ڕاهێنانی ڕاهێنەرانی باڵا، بۆ ژمارەیەک لە ئەفسەر و کارمەند لە بەڕێوەبەرایەتییە جیاوازەکانی وەزارەتی ناوخۆ، کە بۆ ماوەی دوو هەفتە بەڕێوەچوو کۆتایی پێهات.
ئەم خولە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ستراتیژیەتی چاکسازی پۆلیسی کوردستان وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی «چەمکی شین» لەلایەن دەستەی ڕاوێژکارانی یەکێتی ئەورووپا لە عێراق (EUAM) بە هاوکاری تیمێک لە ڕاهێنەرانی باڵای ئەڵمانی، بۆ 24 ئەفسەر و کارمەندی بەڕێوەبەرایەتییە جیاوازەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئەنجام درا، بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵ و پێگەی کارای ئافرەتان لەنێو ڕیزەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆدا، لە کۆی گشتیی بەشداربووان، 10 ئافرەت بەشدارییان لەم خولەدا کردبوو.
ئامانجی سەرەکیی خولەکە، بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و پیشەیی بەشداربووان و پەرەپێدانی تواناکانیان لە بواری ڕاهێنان و هەروەها ئامادەکردنیان بوو بۆ ئەوەی بتوانن پەیام و ناوەڕۆک و ئامانجەکانی ستراتیژیەتی چاکسازی پۆلیسی کوردستان بە شێوازێکی زانستی و کرداری بگەیەننە تاکەکانی هێزەکانی ناوخۆ و چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە.
لە ماوەی خولەکەدا، بەشداربووان لەسەر بنەما و شێوازە سەردەمییەکانی ڕاهێنان، ئامادەکردن و پێشکەشکردنی وانە و خول و سیمینار، بەڕێوەبردنی پرۆسەی پەروەردەو فێرکردن و گەیاندنی زانیاری ڕاهێندراون، بۆ ئەوەی بتوانن لە داهاتوودا وەک ڕاهێنەری باڵا ڕۆڵێکی کاریگەر لە پەرەپێدان و گەیاندنی کولتووری چاکسازی لە ناو دامەزراوەکانی وەزارەتی ناوخۆدا ببینن.
کۆتایی هاتنی ئەم خولە هەنگاوێکی گرنگە لە پەرەپێدانی سەرچاوە مرۆییەکان و دروستکردن و پێگەیاندنی توانای ناوخۆیی بۆ بەردەوامکردنی پرۆسەی ڕاهێنان و چاکسازی، بە شێوەیەک کە بەشداربووان بتوانن ئەو زانیاری و ئەزموونانەی بەدەستیان هێناوە بیگوازنەوە بۆ هاوکارانییان و ببنە بەشێکی کاریگەر لە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی ستراتیژیەتی چاکسازی پۆلیسی کوردستان.
شایانی باسە، وەزارەتی ناوخۆ خاوەندارێتی پرۆسەی چاکسازیی پۆلیسی کوردستان لە (٢٠٢٦–٢٠٣٠) دەکات و لەلایەن دەستەی ڕاوێژکارانی یەکێتی ئەورووپا لە عێراق (EUAM) و بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP)ـەوە پاڵپشتی دەکرێت.

