لە سەر فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو گرنگیدان بە زمانی دایک و پاراستنی زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان و پاڵپشت به یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان/عێراق ژمارە (6)ی 2014 و ئەنجامدانى کارى پێویست بۆ گۆڕین و نووسینی تابلۆکان بە زمانی کوردی لە سەرجەم شوێنە بازرگانیى و گشتییەکان، دواى وەرگرتنى ڕێوشوێنى پێویست و جێبەجێکردنى فەرمانى جەنابى سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە 2023.2.25 سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەکانى سنوورى پارێزگاکەمان ڕاسپێردران، لە چوارچێوەى هەڵمەتێکى نیشتیمانیدا و لە ڕیگەى تیمەکانیانەوە هەموو شوێنه گهشتیاریی و گشتييهكان و دامەزراوەکانی ترى کەرتی تایبەت، ئاگادار بکرێنەوە، پابەندی بڕیارەکەبن و تابلۆی شوێنەکانیان بگۆڕن بۆ کوردی.
سوپاس بۆ ئەو هاوڵاتی و کاسبکارانى هەولێر، کە هاوکار و هەماهەنگ بوون بۆ سەرخستنى هەڵمەتەکە و پابەند بوون بەبڕیارەکان، دەستخۆشیش لە تەواوى فەرمانگە پەیوەندیدارەکانى سنوورى پارێزگاکەمان دەکەین کە لە ماوەى ساڵى ڕابردوودا تاوەکو ئەمڕۆ هەڵمەتى نیشتیمانى نووسین و گۆڕینى تابلۆکان بۆ کوردى دەرەنجامى باش و دڵخۆشکەرى هەبووە و توانراوە لەو ماوەیەدا (4664) “چوار هەزار و شەش سەد و شەست و چوار” شوێن پابەندى بڕیارەکەبن و تابلۆکانیان بگۆڕن بۆ زمانى دایک و (155) “سەد و پەنجاو پێنج” شوێنیش بەهۆى پابەند نەبوونیان بە بڕیارەکەوە سزابدرێن، لە ئێستادا لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان بە ڕوونى هاوڵاتی و هاوشاریان و گەشتیاران هەست بەو گۆڕانکارییە دەکەن و ئەوەش بۆتە ماییەى خۆشحاڵى هەموو لایەک.
وێڕاى ئەوەى بەبۆنەى ڕۆژی جیھانیی زمانی دایک، پیرۆزبایی لە گشت نهتهوه و گهلانى جیهان و عیراق و کوردستان بەگشتیى و هەولێرى پایتەخت بهتایبهتى به “كورد، توركمان، سریان و ئهرمهن”هوه دهكهین، جارێکى دیکە جەخت لە بەردەوام بوونى هەڵمەتى نیشتیمانی گۆڕین و نووسینی تابلۆکان بە زمانی کوردی دەکەینەوە و سەرجەم خاوەن “دوکان، چێشتخانە، هوتێل، مارکێت، ڕێستورانت، کۆمپانیا و شوێنە گشتییەکان”ى ترى سنوورى پارێزگاى هەولێریش ئاگادار دەکەینەوە، ئەوانەی تاکو ئێستا تابلۆکانیان نەکردۆتە کوردی، پابەندی بڕیارەکەبن و وەک ئەرکێکى نیشتیمانیی تابلۆی شوێنەکانیان بگۆڕن بۆ کوردی، بەپێچەوانەوە هەرکەس و خاوەن شوێنێک تابلۆكانی نهگۆڕێت، ڕووبەڕووى ڕێکارى یاسایی دەبێتەوە.
پارێزگاى هەولێر
2024.2.21