ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ژمارەیەك كۆمپانیای ژاپۆنی ئامادەیی خۆیان بۆ كاری وەبەرهێنان لە كوردستان دەردەبڕن

ژمارەیەك كۆمپانیای وڵاتی ژاپۆن بەمەبەستی ئاشنابوون بە كەشی كاركردن و وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستانن و ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش بۆ كۆمپانیا ژاپۆنییەكان ڕایگەیاند: مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام جەخت لەسەر هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان و بە تایبەتی ژاپۆنییەكان دەكاتەوە بۆ ئەنجامدانی كاری وەبەرهێنان و پرۆژەی خزمەتگوزاری لە هەرێمی كوردستان.
ئەمڕۆ دووشەممە 26/2/2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە ئامادەبوونی سەروەر كەمال، بریكاری وەزارەتی پیشەسازی و وزە، نوێنەری نووسینگەی سەرۆكوەزیران، د. ئەسعەد بێشەیی، بەڕێوەبەری گشتی و نوێنەری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و گەیلان سەعید، سەرۆكی ژووری بازرگانیی هەولێر و ڕزگار عومەر، ئەندامی ژووری بازرگانی و نوێنەری ژمارەیەك لە كۆمپانیا دیارەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی ئاژانسی جایكا و نوێنەری چەند كۆمپانیایەكی وڵاتی ژاپۆن كۆبووەوە.
لە شاندی ژاپۆن هەر یەكە لە جێن یۆنێدا، بەڕێوەبەری ئۆفیسی جایکا لە عێراق، نوێنەری باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە بەغدا و بەڕێوەبەری پێشکەوتووی پرۆگرامەکانی جایکا و نوێنەری حەوت گەورە كۆمپانیای ژاپۆنی ئامادە بوون و حەوت كۆمپانیا ژاپۆنییەكە، بواری وەبەرهێنان و كاركردنی خۆیان نمایش كرد.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار خۆشحاڵی خۆی بە دیدارەكە و بە تایبەتی سەردانی كۆمیانیاكانی ژاپۆن بۆ كاركردن لە كوردستان دەربڕی. دواتر تیشكی خستە سەر ڕوانگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پاڵپشتی و هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان لە كوردستان. لەمبارەیەوە ساسان عەونی ئاماژەی بەوە كرد: ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام جەخت لەوە دەكاتەوە كە ژینگەی وەبەرهێنان لە كوردستان لەبەردەم كۆمپانیا بیانییەكان كراوە بێت، لەم چوارچێوەیەدا هەموو جۆرە هاوكاری و كارئاسانییەك پێشكەش بە وەبەرهێنەرانی بیانی دەكرێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی تری قسەكانیدا سوپاسی باڵیۆزخانە و كونسوڵگەری ژاپۆن و ئاژانسی جایكای ژاپۆنی كرد بۆ هەموو هاوكاری و هەماهەنگییەك بە تایبەتی ئاژانسی جایكا بۆ هاندانی كۆمپانیا ژاپۆنییەكان بەمەبەستی كاركردن لە كوردستان و تەواوی پاڵپشتیی خۆی و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری بۆ شاندەكە دووپاتكردەوە.
لە بەرانبەردا بەڕێوەبەری ئۆفیسی جایکا لە عێراق بۆ ئەوەی ڕوونكردنەوەی زیاتر بداتە كۆمپانیاكانی وڵاتەكەی، تیشكی خستە سەر سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و باسی لەوە كرد هەرێمی كوردستان ژینگەیەكی گونجاوی بۆ كاركردن هەیە، هاوكات جەختی لەسەر كاركردنی كۆمپانیاكانی وڵاتەكەی و هاوئاهەنگی زیاتر كردەوە.
دواتر تیمی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕێگەی داتاشۆوە ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە ژینگەی هەرێمی كوردستان و گونجاوی بۆ كاری وەبەرهێنان و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان پێشكەش كرد. هەروەها تیمی كۆمپانیاكانی ژاپۆن بە هەمان شێوە بواری كاركردنی خۆیان و ئەزموونیان لە بواری پرۆژەی جۆراوجۆردا خستەڕوو بەمەبەستی ناساندنی ئەزموونی كاریان و ئەو بوارانەی كە دەیانەوێت كاری لەسەر بكەن

هەواڵی پەیوەندیدار

دهۆک… ڕووداوێكی سه‌ختی هاتووچۆ روویدا

دڵشاد

دەست بە قیڕتاوکردنی دووسایدی گەزنە کرا

یاسین

پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتى كوردستان بۆ بزووتنەوەی گۆڕان

سەڵاح