رۆژی دووشەممە 2ی کانوونی یەکەمی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای زانایانی ئەزهەر کرد کە پێکهاتبوون لە بەڕێز دکتۆر عەباس شومان ئەمینداری گشتی دەستەی گەورە زانایانی ئەزهەر، و بەڕێز دکتۆر سەلامە داود سەرۆکی زانکۆی ئەزهەر، و بەڕێز وائل بەخیت جێگری سەرۆکی رێکخراوی جیهانی دەرچوانی زانکۆی ئەزهەر، و بەڕێز ئەحمەد فەوزی بەڕێوەبەری کارووباری دەرەوە لە زانکۆی ئەزهەر.
لەو دیدارە دا شاندی میوان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بەو سەردانەیان بۆ هەرێمی کوردستان، ستایشی ئارامیی و سەقامگیری و بوژانەوە و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستیان کرد و بە گرنگییەوە باسیان لە تەبایی و پێکەوەژیانی نەتەوە و ئاینە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان کرد وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو لە ناوچەکە.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی شاندی میوانی کرد و ڕۆشنایی خستە سەر پەیوەندی مێژوویی و دۆستانەی نێوان گەلی کوردستان و گەلی مسر، هیواشی خواست ئەو پەیوەندییانە زیاتر پەرەیان پێبدرێت بە تایبەت لە بواری ئەکادیمی و هەروەها هەماهەنگی و هاوبەشی لەگەڵ ناوەندە ئایینی و زانستییەکانی زانکۆی ئەزهەر.
مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و بیری توندڕۆیی و پێویستیی هەماهەنگیی هەموو لایەک بۆ پاراستنی ئارامیی و سەقامگیری ناوچەکە و هەروەها دوایین گۆڕانکاریی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەوەری دیکەی ئەو دیدارە بوون.