ئەو كەسەی مانگی رابردوو تەقەی لە هۆتێلێكی شاری هەولێر كردبوو، ئەمڕۆ دووشەممە پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیركردنی راگەیەنرا.
پۆلیسی هەولێر رایگەیاند “لە ڕێکەوتی 19/11/2024 تۆمەتبارێکی خەڵکی دەرەوەی شاری هەولێر بەناوی (ا. ش. س) لە یەکێک لە هۆتێلەکانی شاری هەولێر بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەی کردبوو و لە ئەنجامدا دوو (سکیوریتی) زامدار ببوون”.
راشیگەیاند “هەرچەندە تۆمەتبارەكە هەڵاتبوو بۆ دەرەوەی شاری هەولێر، بەڵام پاش فشاری هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە تۆمەتباری ناو هاتوو خۆی ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر کرد”.
پۆلیسی هەولێر هاووڵاتیانی دڵنیا كردەوە كە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان یاسا سەروەرە و هەر کەسێک هەوڵی نانەوەی پشێوی و تێکدانی ئارامیی شار بدات، دەستگیر دەکرێت و ڕادەستی دادگا دەکرێت، چونکە کەس لە یاسا بەرزتر نییە.