لەسەر ڕووبەری 200 دۆنم زەوی، دروستكردنی چوار پاركی گەورە لە هەولێر لە واری جێبەجێكردندان و هەر لەم ساڵیشدا تەواو دەكرێن و دەكەونە خزمەت خەڵك و ژینگەی شارەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی 4ی 2025، پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: “لە پێناو زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و پتر پاراستنی ژینگەی شار، لە سەنتەری شاری ھەولێر لە سەر ڕووبەری 200 دۆنم زەوی دەستکراوە بە دروستکردنی چوار پارکی گەورە، کە تێیدا 40 ھەزار دار دەچێندرێن و ئەمساڵیش هەر چوار پارکەکە تەواو دەکرێن.”
وەك پارێزگای هەولێر ئاماژەی بۆ كردووە، پاركەكان ئەمانەن:
یەكەم: دروستکردنی پارکێک لە نزیک شەقامی 120 مەتری، لەسەر ڕووبەری 80 دۆنم زەوی و نزیکەی 8 ھەزار داری تێدا دەچێندرێت، كە لەئێستادا نزیکەی لە 70%ی کارەکانی تەواو بووە.
دووەم: دروستکردنی پارکی ڕەشکین لەسەر ڕووبەری 47 دۆنم زەوی و 16 ھەزار داری تێدا دەچێندرێت و لە ئێستادا لە 50%ی کارەکانی تەواو بووە.
سێیەم: دروستکردنی پارکی گەڕەکی نازدار لە سەر ڕووبەری 4 دۆنم زەوی و 6 ھەزار داری تێدا دەچێندرێت و لە 80%ی کارەکانی تەواو بووە.
چوارەم: دروستکردنی پارکی گەڕەکی ژیان لەسەر ڕووبەری 7 دۆنم زەویی و 5 ھەزار داری تێدا دەچێندرێت، کە ئەویش لە 70%ی کارەکانی تەواو بووە.
پارێزگای هەولێر ئەوەشی خستووەتە ڕوو، كە “لە شاری ھەولێر 26 پارکی گەورە و 204 باخچەی بچووک و 2 تا 3 شوێنی غابات و 209 دارستان و 163 دوورگەی ناوەندی و 109 نافوورە هەن.”

